سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، چین باجی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ دەدات، ئەو پرسەشی بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە وتووە.
لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا شەوی ڕابردوو 16ی شوبات، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە، “چین باجی ئەو پێشێلكارییانە دەدات كە دەرحەق بە مافی مرۆڤ ئەنجامیداوە، ئەو پرسەشم لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ شی جی بینگ، سەرۆكی چین تاووتوێكردووە”.
بایدن لەو چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی ئەوەشی وتووە، “پرسی مافی مرۆڤ لێكەوتەی دەبێت لە چین”.
ئەو وتانەی سەرۆكی ئەمریكا لەكاتێكدایە، چوارشەممەی ڕابردوو بایدن و سەرۆكی چین پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دوو كاتژمێرییان ئەنجامداوە.
كۆشكی سپی لەبارەی ئەو پەیوەندییەوە ڕایگەیاند، بایدن جەختی لەسەر نیگەرانییەكانی كردووەتە لەبارەی جێبەجێكردنی سیاسەتێكی ئابوری داپڵۆسێنەر و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە هۆنگ كۆنگ.
لەو چاوپێكەوتنەی سی ئێن ئێن-دا بایدن ئاماژەی بەوەشكردووە، “لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا هەموو هەواڵەكان لەبارەی ترەمپەوە بوون، بەڵام من دەمەوێت لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا هاوڵاتییانی ئەمریكی سەنتەری هەواڵەكان بن”.