سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە چیای گارە، بەڵام ئەو وڵاتە بەڵگەی مردنی بۆ 13 سەرباز و پۆلیسی وڵاتەکەی کردووە کە گوایە پەکەکە وەک دیل کوشتوونی، ئێستا تورکیا دەڵێت “دەبێت موراد قەریلان بگرن و پارچە پارچەی بکەن”.
سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی کاردانەوەی وڵاتەکەی لەسەر کوشتنی ئەو 13 تورکییە ڕایگەیاندووە، ئەگەر موراد قەریلان، سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە دەستگیر نەکەن و پارچە پارچەی نەکەن، تورکییەکان لێیان قبوڵ ناکەن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا وتوشیەتی، “ئەو 13 تورکەی شەش ساڵ پێش ئێستا لەلایەن پەکەکەوە ڕفێندرابوون، لە باکوری عێراق دەستبەسەرکرابوون و دواتر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کوژراون”.
وەزیری ناوخۆی تورکیا تا ئاستی “جنێودان” بە توڕەییەوە قسەکانی کرد و وتی، ” باجی ئەو ئازار و مەینەتیەی كە بە ڕۆڵەكانمان گەیاندبویان درایەوە و دەدرێتەوە، ئەگەر موراد قەرەیلان نەگرین و نەیكەینە هەزار پارچە ئەوە باگەل و شەهیدەكانمان تفمان لێبكەن”.
دوای کشانەوەی لە چیای گارە، سوپای تورکیا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی سەر گارە هێنا و دواتریش خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، تەرمی 13 هاوڵاتیی توركیان لە ئەشكەوتێك دۆزیوەتەوە كە بێ چەكبون و گولـلە باران كرابوون.
لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە ڕایگەیاندووە، توركیا بۆ ئەوەی سەربازە توركەكان بكوژێت لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی دەكرد، هاوكات هێرشیكردە سەر كەمپی دیلەكان بەمەبەستی كوشتنیان نەك ڕزگاركردنیان.