وەزیری تەندروستی: توشبوون بە کۆرۆنا گۆڕاوەکە لە عێراق تۆمارکرا

وەزیری تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنای ڕاگەیاند بەوپێیە چەند منداڵێک لە عێراق توشی کۆرۆنا گۆڕاوەکە بوون.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “چەند حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنا گۆراوەکە لە عێراق تۆمارکراوە، دوای ئەوەی پشکنینەکانیان نێردراوە بۆ تاقیگەکانی تایبەت بە پشکنینی ئەو ڤایرۆسە”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە لەچەند کاتژمێری ڕابردوودا ئەنجامی چەند پشکنینێک لە تاقیگەکانی ڤایرۆسە گۆراوەکە دەرچوون دەریانخستووە کە ئەو کەسانە تووشبووی جۆرە نوێیەکەی کۆرۆنان.

وەزیری تەندروستی وتیشی، “ئەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا خێرایە لە بڵاوبوونەوەدا بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین بەتەواوی پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە نوێیە”.

باسی لەوەشکرد کە ئەم جۆرە نوێیە بەشێوەیەکی گشتی توشی منداڵانیش دەبێت و ژمارەیەک لە منداڵانیشمان تۆمارکردووە کە توشی ڤایرۆسەکە بوون.

حەسەن تەمیمی دەڵێت، وەزارەتی تەندروستی بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە نوێیەی کۆرۆنا.

هەروەها وتیشی، ژمارەیەک لە تیمەکانمان دەنێرینە ئەو شوێن و ناوچە جیاوازەکان و سزای دارایی ئەو کەسانەش دەدەین کە سەرپێچی ڕێنماییەکان دەکەن.

“هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات و دەمامک بەکارنهێنێت بەبڕی 25 هەزار دینار سزا دەدرێت، پێنج ملیۆن دیناریش بۆ شوێن و فەمانگەکانی کەرتی تایبەت سزا دادەنرێت”.

بابەتی پێشتر

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا: نابێت ڕێگەبدرێت بازرگانی بە توشبووانی شێرپەنجەوە بکرێت

بابەتی دواتر

سلێمانی.. لەسەر تەقەكردن تۆمەتبارێك دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share