لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران کرا.
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ڕایگەیاند، “خەرجکردنی هاوکاریی دارایی چاودێریی کۆمەڵایەتی تایبەت بە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2026 پێش وادەی ئاسایی خۆی دەستیپێکرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز”.
دەشڵێت، “ئامانج لەم هەنگاوە پاڵپشتیکردنی ئەو خێزانانەیە کە چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە و کەمکردنەوەی بارگرانیی بژێویی سەر شانیانە، بە شێوازێک کە بتوانن پێداویستییەکانی جەژن دابینبکەن”.
هاوکات، ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەڵێت، “ئەم قۆناغەی خەرجکردن نزیکەی دوو ملیۆن و 53 هەزار خێزانی لە بەغداد و پارێزگاکان گرتووەتەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی بڕی پارەکە زیاتر لە (440) ملیار دیناری عێراقییە”.