لە سەرەتای ئەمساڵەوە 96 كەس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون

دەستگیركردنی دەیان هاوڵاتی كورد نیگەرانی ڕێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤی لێدەكەوێتەوە

ژمارەیەك ڕێكخراوی ناحكومی ڕایدەگەیەنن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیكەم 96 هاوڵاتیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیركراون.

ئاشكراكردنی ئەو ژمارەیە لە پەیامێكدایە بۆ ڕای گشتی كە لەسەر سایتی ڕێكخراوی (تۆڕی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ) بڵاوكراوەتەوە و لەلایەن 36 ڕێكخراوی ناحكومییەوە واژووكراوە، لەنێویاندا هیومان رایتس وۆچ و ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و كۆمەڵەی گەلە هەڕەشەلێكراوەكان هەیە.

بەپێی پەیامەكە دەستگیركردنەكان “بێ بنەمای یاسایی و بەبێ هۆكاری فەرمی” ئەنجامدراوە و چالاكوانانی مەدەنی و یاساناس و بەرگریكاران لە ژینگە و نوسەر و خوێندكارانی گرتووەتەوە، لەگەڵ كەسانێك كە بەهیچ جۆرێك چالاكی سیاسییان نەبووە.

ئاشكراشیكردووە، كەسوكاری دەستگیركراوان لە شوێنی دەستگیركردنیان ئاگادارنەكراونەتەوە، وەڵامی دەسەڵاتدارانیش بۆ پرسیاری كەسوكاری دەستگیركراوان لەبارەی شوێن و چارەنووسیان سەرزەنشتكردن و هەڕەشە و ئاگاداركردنەوە بووە، دەستگیركراوانیش ناتوانن هاوكاری و پشتیوانیی یاسایی بەدەستبهێنن.

بەهۆی ئەوەی دەستگیركراوان ڕێگەیان پێنادرێت پەیوەندی بە جیهانی دەرەوە بكەن، ناتوانرێت پێشبینی ئەو مامەڵەیە بكرێت كە لە بەندینخانە لەگەڵیاندا ئەنجامدەدرێت، وەك ئەوەی دیتر كارغ، شارەزای كاروباری ئێران لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەیڵێت.

سایتی (DW)ی ئەڵمانی لەسەر زاری ئەو شارەزایەوە وتیشی، “ئەگەر ئەوەی بەندكراوانی پێشوو پێیان وتووین وەك بەڵگە وەربگرین، دۆخەكە دژوارە، زۆرێك باسیان لە ئەشكەنجەدان كردووە تا دانپیادانانیان لێوەرگیراوە”.

ئەو دانپیادانانەش دەكرێت دواتر دژ بە دەستگیركراوان لە “دادگای نا دادپەروەرانە” بەكاربهێنریت، وەك ئەوەی ڕێكخراوەكانی واژووكاری پەیامەكە ترسی خۆیان لەبارەیەوە نیشانداوە.

سایتەكە نوسیویشیەتی لە سەردەمی شا-وە كوردانی ئێران داوای خۆبەڕێوبەری دەكەن و تەنانەت دوای شۆڕشی ئیسلامیش لە ساڵی 1979. “لەتێڕوانینی ئێراندا كۆمەڵەكانی دیكە هەمان داواكاری پێشكەش دەكەن ئەگەر ئەوە بۆ كورد هاتەدی” وەك ئەوەی مارتین شترومایەر و یالی یالچین هیكمان لە كتێبەكەیاندا (كوردەكان: مێژوو. سیاسەت. ڕۆشنبیری) باسیدەكەن.

جگە لە كورد چەندین كەمە نەتەوەی دیكە لە ناوچە سنوورییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیكە دەژین، لەم چوارچێوەیەشدا داخوازی كورد بە خۆبەڕێوەبەری بە مانای جیابوونەوە دەگەیەنێت لەلایەن ئێرانەوە.

س: DW

بابەتی پێشتر

پۆلیسی میسان: گەنجێک باوکی بە بەنزین سوتاند و دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

لەسەر تەقەكردن لە سلێمانی 5 تۆمەتبار دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share