وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ئاشكرایكرد، یەكێك لەوانەی دەستیان هەبووە لە كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەدا، ئەندامی هێزە چەكدارەكانی ئێرانە.
مەحمود علێوی، وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی ئێران ڕایگەیاند، “پێشتر ئاگاداری بوونی پلانی كوشتنی محسن فەخری زادە بووین و تەنها پێنج ڕۆژ بەر لە تیرۆركردنی، ئاگادارمانكردەوە كە دەیانەوێت لەو شوێنە بیكوژن كە تیایدا كوژرا.”
وتیشی، “ئێمە تەنها لە كاتی جێبەكێكردنی تیرۆركردنە ئاگادارنەبووین و نەماندەزانی چ ڕۆژێك محسن فەخری زادە تیرۆردەكەن.”
وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران ئاشكرایكرد كە یەكێك لە ئەنجامدەرانی تیرۆركردنەكە، ئەندامی هێزە چەكدارەكانی ئێرانە و وتی، “ئەو كەسەی كە پێداویستییە لۆجستییەكانی تیرۆركردنەكەی دەستەبەر كردبوو، ئەندامێكی هێزە چەكدارەكانی ئێرانە و ئێمەش ناتوانین لەو بوارەدا كاری هەواڵگری بكەین.”