نوسینگەی نەتەوەیەكگرتووەكان پێشوازی خۆی نیشاندا بەرامبەر بەشداری ئەمریكا لە هاریكاری و تواناداركردنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
نوسینگەگە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ئاژانسی ئەمریكا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) بە بڕی 9.7 ملیۆن دۆلار هاوكاری پێشكەشكردووە بۆ ئەو پرۆژەیەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بەڕێوەیدەبات.
هاوكارییەكەی (USAID) دەبێتە ڕێخۆشكەر بۆ بڵاوەپێكردنی ڕاوێژكاری هەڵبژاردنی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، لەكاتێكدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختە لە ئۆكتۆبەری 2021 دەكات.
جۆن كاردیناس، بەڕێوبەری (USAID) لە عێراق وتی، ویلایەتە یەكگرتووەكان پابەندە بە گوێگرتن لە پێویستییەكانی عێراق و پێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ بەهێزكردنی سەروەری و سەقامگیری عێراق.
پشتیوانیی ئاژانسەكە توانای نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عێراق بەمەبەستی جێبەجێكردنی كاریگەرانەی چالاكییە هەڵبژاردنەكانی زامندەكات.
س: ئەلحوڕە