شارەزایەکی بواری کەشناسی و گەردونناسی ڕایدەگەیەنێت، یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو دەکەوێتە 8ـی شوبات و یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانیش 9ـی ئازاری 2027 دەبێت.
سالار حاجی عەلی، شارەزای بواری کەشناسی و گەردونناسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە 6ـی شوباتی 2027، کاتژمێر 6:55ـی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان مانگ نوێ دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆر، مانگ و زەوی لە یەک هێڵدا دەبن، بۆ ئەو شەوە مانگ نابینرێت؛ هەرچەندە بۆ ڕۆژی 7ـی مانگ، تەمەنی هیلال دەگاتە 18 بۆ 19 کاتژمێر و لە هەندێک وڵات گومان دەکرێت بکرێتە ڕەمەزان، بەڵام لە ڕووی فەلەکییەوە دروست نییە، بۆیە 8ـی شوبات یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ساڵی 1448ـی کۆچی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی 8ـی ئازاری 2027، کاتژمێر 12:29ـی نیوەڕۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، مانگ نوێ دەبێتەوە؛ تا کاتی نوێژی شێوان تەمەنی هیلال دەگاتە 30 بۆ 10 خولەک و بە تەلەسکۆپ دەبینرێت، بەمەش ڕۆژی 9ـی ئازار، دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، هاوکات پێشبینی دەکرێت مانگی ڕەمەزانی ساڵی داهاتوو 29 ڕۆژ بێت و لە 8ـی شوباتەوە تا 8ـی ئازار بخایەنێت.