چەند زانیارییەک لەسەر دۆسییەی کوشتنی جۆن فێتزجێڕاڵد کێنەدی ئاشکراکران

پاش تێپەڕبوونی 63 ساڵ بەسەر کوژرانی جۆن فێتزجێڕاڵد کێنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکادا، پەردە لەسەر چەند نهێنییەکی مێژوویی لادەدرێن و پەنجەی تۆمەتیش بۆ دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا ڕادەکێشرێت.

بەپێی بەدواداچوونێکی مارک سێلڤەرستن، پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری خوێندنی سەرۆکایەتیی بەرنامەی تۆمارەکان لە سەنتەری میلەر بۆ کاروباری گشتیی زانکۆی ڤێرجینیا، جۆن فێتزجێڕاڵد کێنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا پاش ئەوەی لە کەمپینێکدا و لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ شاری داڵاسی سەر بە ویلایەتی تێکسسی ئەمریکا بەئامانجگیرا و پاشان کوژرا؛ چەند نهێنییەکی نوێ لەم دۆسییە 63 ساڵەییەدا ئاشکرا بووە و پەنجەی تۆمەت بۆ گروپێکی دیاریکراوی سەر بە خودی ) دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە سی.ئای.ئەی) درێژدەکرێت.

پڕۆفیسۆر مارک سێلڤەرستن لە بەدواداچوونەکەیدا ئەوەی ئاشکراکردووە، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا بە هەزاران دۆکیۆمێنت و فایلی پەیوەست بەم دۆسییەیە بڵاوکردەوە و بەشێکی زۆری لێکۆڵینەوەکان بەرەو ئەو دەرەنجامە دەچن کە تاکە کەسی تۆمەتبار لەم دۆسییەیەدا لی ئۆسواڵد، سەربازێکی پێشووی سەر بە سوپای ئەمریکا بێت، بەبێ ئەوەی هیچ هەژموون و کاریگەرییەکی لەپشتییەوە بووبێت، بەڵام خودی ئەم دەرەنجامە سەرەتای پرسیار و گومانەکانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لەم دۆسییەیەدا ڕووندەبێتەوە و خودی تۆمەتبارەکە و بکوژەکەیەتی کە جاک ڕووبییە کە لە ساڵی 1963 دا و پاش دوو ڕۆژ لە کوژرانی کێنەدیی، لی هارڤی ئۆسواڵد، تۆمەتبار و بکوژی سەرۆکی ئەمریکای کوشت پێش ئەوەی دادگایی بکرێت؛ چونکە گرێکوێرەی سەرجەم سەرەداوەکان بۆ خودی ڕووبی و ئۆسواڵد دەگڕێتەوە و هەر ئەوانیش وەڵامی سەرجەم گومانەکانی پشت دۆسییەکەن.

ئەو پڕۆفیسۆرە ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەند سەرەداوێکی پشت کوژرانی کێنەدی پاش ئەم پرسیارانە دێنە پێشەوە؛ کە سەرجەم گومانە مێژووییەکان دەڕەوێننەوە، بەتایبەت ئەو پرسیارەی ئایا ئۆسواڵد وەک کەسێکی سەربەخۆ ئەم کارەی کردووە؟ ئایا ڕووبی خاوەن یانەیەکی مەیخواردنەوە هەر بێهۆکار ئۆسواڵدی کوشتووە پاش دوو ڕۆژ و لە یەکەم دادگاییکردنی فەرمیدا؟ ئایا دەستی بیروڕا کۆمۆنیستییە ڕووسییەکەی ئۆسواڵد کارییگەری هەبوو؟ ئایا ئەم بە ئامانجگرتنەی سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵوێستەکانی بوو بەرانبەر کوبا و کاسترۆ؟ یان ئەم ڕووداوە تەنها پاکتاوێکی سیاسیی بووە؟

سەبارەت بە هۆکاری ڕاستەقینەی کوشتنی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە بەدواداچوونەکەیدا پڕۆفیسۆر مارک سێلڤەرستن ئەوەی خستووەتەڕوو، هیچ ڕووداوێک بێهەژموونێکی دیارییکراو نابێت و ئەوەی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا و دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی باسیان لێوەدەکەن تەنها لەشێوەی شاردنەوە و ڕووپۆشکردنی ڕاستی ڕووداوەکەیەوە و هیچی دیکە، ئەگەر بە تەواوی فایل و دۆکیۆمێنتەکانی خودی حکومەتی ئەمریکادا بچیتەوە پەنجەی تۆمەت بۆ لی ئۆسواڵد درێژدەکرێت و بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە لە ژێر کاریگەریی هەژموونی فیکریی کۆمۆنیزمی ڕووسی و خودی دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا ئەم کارەی ئەنجامداوە.

باسی لەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەی ئۆسواڵد لەساڵی 1959 دەستی لە ڕەگەزنامە ئەمریکییەکەی هەڵگرت و لەنێوان ساڵانی 1959-1962 لە ڕووسیادا ژیا و لەوێش هاوسەرگیریکرد و منداڵێکیش هەبوو، لەماوە ئەو ساڵانەدا لە ڕووسیا بووە و ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ڕووسیاوە ئاڕاستەکراوە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا و چاودێریکردنی لەلایەن سی.ئای.ئەیەوە، هەستا بە کوشتنی سەرۆکی ئەمریکا؛ بەڵام هێشتا ئەمە پۆزشە بۆ هەژموونە ڕاستەقینەکەی پشت ئەو کارە و پەردەپۆشکردنی ڕووداوە ڕاستییەکەیە.

ئەو پڕۆفیسۆرە دەشڵێت، “سەرۆکی ئەمریکا لەوماوەیەدا لەلای ئەمریکییەکان زۆر بە کارەکترێکی ڕابەر ئاسا تەماشادەکرا و گومانی کوشتنی لەدەرەوەی بۆچوونەکان و ئۆسواڵدیش تەنها بوکەشووشەیک بووە بۆ ئەنجامدانی ئەوکارە، ئەوەی لە گەڕان و لێکۆڵینەوەکاندا پێیگەیشتووم ئەوەیە، کە گومانی بە ئامانجگرتنی کێنەدیی زیاتر لە پاکتاوێکی سیاسیی ناوخۆییەوە سەردەکێشێت نەوەک دەستێکی دەرەکی و هۆکارەکەشی بۆ ساردکردنەوە و سیاسەتی نە‌هێشتنی جەنگی سارد و بیروباوەڕی پێکەوەژیان بووە و گەڕانەوەی ئۆسواڵد بەپێی دۆکیۆمێنتە مێژووییەکان لەسەر داواکاریی لایەنێکی باڵادەستی نێو دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا بووە نەوەک هەژموون و ئایدیاکان، بەڵام لە ئێستادا تەنها ئەوەی کە بووەتە ڕاستییەکی ڕوون هەژموونی لی ئۆسواڵدە، نەوەک پاکتاوەسیاسییەکە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share