بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پاش کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە:
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە، لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.
پاشان، ئەنجومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاوتوێ کرد.
لەم بارەیەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە زانیاری، داتا و ژمارە پێشکەشکرد و تیشکی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکاندا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، دواتر هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەکاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.
دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستاندان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا، ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتیدا، کە لە سەرۆکایەتیی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابوری پێکدێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بە پێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دروست.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی لە بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسووڵەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە، ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە تەواوی سوودمەند بن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاری دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن، هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە.