دوای پێشێلکردنی ئاگربەستی کاتی، لە نێوان ڕۆژانی 7 و 8ـی حوزەیرانی 2026ـدا، پەرەسەندنێکی سەربازیی خێرا و چڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕوویدا.
ئەم هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەی نێوان هەردوو وڵات، زیانی ماددیی جۆراوجۆریان بە ژێرخانی سەربازی و پیشەسازیی هەردوولا گەیاند، کە ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی و ئاژانسی فارسی ئێرانی، بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێنیان کردوون:
زیانە ماددییەکان لە ناوخۆی ئیسرائیل
ئێران لە شەوی 7ـی حوزەیراندا، بە چەندین مووشەکی بالیستی، هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بنکەیەکی ئاسمانیی کردە ئامانج بە ناوی (ڕامات دەیڤد).
سوپای ئێران ڕایگەیاند، ئەم بنکەیەی لە باکووری ئیسرائیل کردووەتە ئامانج. وێنەی مانگە دەستکردەکانی دەزگای (Copernicus Sentinel-2) کە لە 8ـی حوزەیراندا گیراون، نیشانیدەدەن کە هێرشە مووشەکییەکان، زیانیان بە کۆگایەکی ڕاگرتنی فڕۆکە لە ناو بنکەکەدا گەیاندووە و شوێنی سووتان و تێکچوونی پێکهاتەکەی پێوەدیارە. هەرچەندە هێڵەکانی نیشتنەوە و فڕۆکە جەنگییەکان پارێزراو بوون.
سەرەڕای تێکشکاندنی زۆربەی مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئیسرائیلەوە، تێچوویەکی دارایی زۆر لە تەقاندنی مووشەکەکانی بەرگریدا، بەفیڕۆچوو.
زیانە ماددییەکان لە ناوخۆی ئێران
ئیسرائیل لە بەرەبەیانی 8ـی حوزەیراندا، بە هێرشی چڕی مووشەکیی و فڕۆکەی جەنگیی، وەڵامی هێرشەکەی ئێرانی دایەوە و چەندین ناوچەی ستراتیجیی پێکا.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر سێ کارگەی گەورە لە کۆمەڵگەیەکی پێترۆکیمیایی لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران (ناوچەی بەندەر عەباس). ئەم کارگانە ژێرخانی سەرەکی بوون بۆ بەرهەمهێنانی ماددە خاوەکانی تایبەت بە دروستکردنی مووشەکی بالیستی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکان نۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئێران تێکشکاند و لەکارخست. هاوکات زیانی ماددی بەر چەند کۆگا و ناوەندێکی بەرهەمهێنانی درۆن کەوت لە پارێزگاکانی تاران و ئەسفەهان.
ئەم خولە کورتەی شەڕە 17 کاتژمێرییەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، زیانی گەورەی بە ژێرخانی پیشەسازیی مووشەکی و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە لایەک و کۆگایەکی سەربازی لە بنکەیەکی ئاسمانیی گرنگی ئیسرائیل لە لایەکی تر گەیاند. دواتر و پێش ئەوەی زیانەکان زیاتر ببن، بە فشاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکە، دۆخەکە تا ڕادەیەک هێورکرایەوە و شەڕەکە کۆتاییهات.