لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بڕیاریدا لە 7ی ئەم مانگە دەرگای خوێندنگاكان بكرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە شاری هەولێر كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تیایدا دۆخی بڵاوبوونەوەی پەتاكە و دەستپێكردنەوەی خوێندن لە ناوەندەكاندا تاوتوێكرا.
دوابەدوای كۆبوونەوەكەش هەریەك لە جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم و ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی هاوبەشدا بڕیارەكانی لیژنەكەیان ئاشكراكرد.
جوتیار عادل وتی، لیژنەی باڵا بڕیاریداوە لە یەكشەممەی داهاتوو 7ی شوبات دەرگای ناوەندەكانی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بكرێتەوە.
وتیشی، “لیژنەی باڵا بڕیاریدا ڕێكارەكانی تایبەت بە خۆپارێزی لە كۆرۆنا لە ناوەندەكاندا بەتەواوی جێبەجێ بكرێت”.
لای خۆیەوە ئالان حەمەسەعید ڕونیكردەوە، ڕۆژی شەممە 6ی شوبات مامۆستایان دەگەڕێنەوە ناوەندەكان و ڕۆژی دواتریش دەوامی خوێندكاران دەستپێدەكاتەوە.
وتیشی، “وەك لیژنەی باڵا ڕۆژی 23ی شوبات-یان دیاریكردووە بۆ پێداچوونەوە بە ئەنجامی بڕیاری كردنەوەی ناوەندەكان و ئەگەری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تیایاندا”.
وەزیری پەروەردە ئاشكراشیكرد، سەرجەم قۆناغەكان هەفتانە سێ ڕۆژ دەوام دەكەن و ئەو شێوازی تەناوبەش لە خوێندن پێویستە سەرجەم خوێندنگا حكومی و ناحكومییەكان و پەیمانگا حكومی و ناحكومییەكان پابەندبن پێوەی.
جەختیشیكردەوە، ئەگەر كردنەوەی ناوەندەكان ببێتە هۆی زیادبوونی توشبوون بە كۆرۆنا، یەكەم پێشنیاریان دووبارە ڕاگرتنەوەی دەوام لە خوێندنگاكاندا دەبێت.
ئالان حەمەسەعید ئەوەشی خستەڕوو، هاوشێوەی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی بڕیاریانداوە كەسوكاری خوێندكاران سەرپشك بن لە ناردنەوەی خوێندكارەكانیان بۆ ناوەندەكان یان دابینكردنی خوێندن ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوە و، بۆ ئەمەش بەڵێننامە بە كەسوكاری خوێندكاران پڕدەكرێتەوە و لەوكاتەشدا خوێندكارەكان تەنها بۆ كاتی تاقیكردنەوەكان ڕوو لە خوێندنگاكان دەكەن.