یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لەم وەرزەدا (2020/2021) بەرزترین ئاستی پێشکەشکردووە، بە جیاوازی 10 خاڵ پێش ڕکابەرانی کەوتووە و ئەگەرەکانی چنینەوەی نازناوی لالیگایان لەم وەرزەدا زۆر بەهێزە.
ئەستێرەکانی ڕۆخی بلانکۆس 19 یاری ئەنجامداوە و 50 خاڵیان کۆکردووەتەوە هەروەها یارییەکی دواخراویشیان هەیە، لە بەرانبەردا یانەکانی بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید 20 یارییان کردووە و 40 خاڵیان کۆکردووەتەوە.
داتاکانی ئەم وەرزەی ئاتلەتیکۆ دی مەدریدی ئیسپانی یەکێکە لە بەهێزترین ژمارەکان لە مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیا و بەرزترە لە باشترین سەردەمی مۆرینیۆ (49 خاڵ) و ڕکابەری وەرزی 2016/2017یە.
ئەگەری گەڕانەوەی ڕیاڵ و بارسا هەیە؟
ئایا دەکرێت یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە بگەڕێنەوە بۆ لوتکە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت 2016/2017.
لەو وەرزەدا یانەی بەرشلۆنە لە گەڕی 20 خاوەنی 51 خاڵ بووە، لە بەرانبەردا یانەکانی ڕیاڵ مەدرید 44 خاڵ و ئەتلەتیکۆ مەدرید 41 خاڵ، تاوەکو دوا ساتەکان ململانێ لە نێوان سێ زەبەلاحەکەدا هەبوو و یانە کەتەلۆنیەکە بە کۆکردنەوەی 93 خاڵ نازناوەکەی بەدەستهێنا.
سەرەڕای ئەوەی چیرۆکەکە گەڕانەوەی دووەم و سێیەم نییە، یاخود لەدەستدانی نازناوەکە نییە بۆ یانەی بەرشلۆنە، بەڵام ئەگەر کۆکردنەوە بۆ ژمارەکان بکەین بۆمان دەردەکەوێت یانەی بەرشلۆنە لە کۆتا 18 هەفتەی خولەکە 51 خاڵی کۆکردووەتەوە بەرانبەر بە 44 خاڵ بۆ ڕیاڵ مەدرید.
ئەگەر داتاکانی ئەو وەرزە لەگەڵ ئەم وەرزە تێهەڵکێش بکەین، دەردەکەوێت بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید لە ترۆپکی تواناکانیاندا دەتوانن بگەن بە سنوری 91 خاڵ، لەم حاڵەتەدا سیمیۆنی پێویستی بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ دەبێت لە 19 یارییدا.
داتاکان تۆمارکردنیان مەحاڵ نییە، بەڵام ئاستەمە و تەنانەت ڕۆژنامەی مارکا نوسیویەتی، ئەتلەتیکۆ لە هەموو کاتێک زیاتر لە نازناوەکەوە نزیکە، تەنها پێویستیان بە نیشاندانی ئەو گڕوتینەیە لەسەرەتای وەرزەوە نیشانیانداوە.