ڕەنگە شەهیدەکانی هەڵەبجە “بچنەوە ماڵەکانی خۆیان”

بۆ جاری چوارەم کێلی گۆڕی شەهیدانی کیمیاییبارانی هەڵەبجە شکێندرا، بۆ جاری چوارەم زەنگی مەترسی بڵاوەکردنی ڕوفاتی شەهیدانی هەڵەبجە لێیدا، کەسوکاری شەهیدان هۆشداری دەدەن لەوەی شکانی گۆڕەکان بەردەوامبێت و نەپارێزرێت ئەوا ڕوفاتی شەهیدەکانیان دەبەنەوە ماڵی خۆیان و لە حەوشەی ماڵی خۆیان پارێزگاری لێدەکەن.

کەسوکاری شەهیدان دوای چوارەمجار لە شکانی گۆڕی کەسوکاریان نا ئومێد بوون لەوەی ئیدارەی پارێزگاکە یان حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری شەهیدان بتوانن گۆڕی شەهیدەکانیان کە 34 ساڵە خنکاون بپارێزن.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە لەسەر ئەم پرسە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بۆ جاری چوارەم ئێمە شاهیدی شکانی گۆڕی قوربانیانی کیمیاییبارانی هەڵەبجەین، کەسوکاری شەهیدان هۆشداریان داوە کە ئیتر ناتوانن بە چاوی خۆیان سوکایەتیکردن بە گۆڕی شەهیدەکانیان ببینن و تەنها هیواداربن ئیدارە و حکومەت بیانپارێزێت، بەڵکو مەترسی هەیە لە 16 ی3 ی ئەمساڵدا ڕوفاتی شەهیدان وەک ڕەمزبێت یان کێلەکەی بێت ببرێنەوە ماڵی خۆیان”.

دوێنێ 1ی شوبات، زیاتر لە 70 کێلی شەهیدانی کیمیایی بارانی هەڵەبجە لەلایەن چەند کەسێکەوە شکێندرا، وەک سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان ئاماژەی پێدەکات، چوار کەس ناسراونەتەوە و تۆمەتبارن دەبێت لەبەردەم دادگا ئامادەبن، ئەگەرچی ئەو کەسانە تەمەنیان لە خواروی 18  ساڵەوەیە.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە پێی وایە، “دەبێت ئەمە کۆتا سوکایەتی بێت بە گۆڕەکانی شەهیدان و ئیتر حکومەت و ئیدارەی پارێزگا دەبێت خەمێکی قوڵ لەو پرسە بخۆن، چونکە پیرۆزترین سمبولی  نەتەوەیی لە هەڵەبجە دەستی بۆ دەبرێت و دەشکێندرێن”.

گۆڕ و سمبولە نەتەوەیییەکان بۆچی لای خەڵکی هێڵی سور نییە؟

لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دوو سمبولی نەتەوەیی کورد دەستی بۆ براوە و شکێندراوە، کە ئەوانیش پەیکەری فەقێ ئەحمەدی دارشمانە وەک باپیرە گەورەی میرەکانی بابان و گۆڕی شەهیدانی هەڵەبجە، کە ئەم دوو سمبولە بۆ هەر نەتەوەیەکی دیکە دەبێتە هێڵی سور و خەڵکی خۆی خۆرسقانە پارێزگاری لێدەکات.

خوێندنەوەی کۆمەڵناسی و دەرونی ئەم حاڵەتە بە ڕای زانست زانا، توێژەری کۆمەڵایەتی کە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا قسەی کردووە ئەوەیە، “ئەم جیلەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا گەورە بووە لە ڕابردوو دابڕاوە و هیچ سمبولێکی ڕابردووی بۆ گرنگ نییە، ئەمەش تاکە هۆکار سیستمە سیاسیەکەیە کارێکی وایکردووە ئەو جیلەی ئێستا هەموو سمبولێکی نەتەوەیی ڕابردوو ببەستێتە بە سیاسەت و حوکمڕانی کوردییەوە و هیچ بەهایەکی بۆ دانەنێت”.

بە بۆچونی ئەو کۆمەڵناسە، “دۆخی سیاسی و ئابوری خەڵکی کارێکی کردووە تاکی کورد حەزبکات تۆڵەبکاتەوە لە دەوروبەری، جا ئەو شتانەی دەیشکێنێت کورسی ناو پارکێک بێت یان کێلی شەهیدانی هەڵەبجەبێت، چونکە ئەمانە هەمووی بۆ ئەم تاکە بەهایان نەماوە”.

وڵاتانی دیکە چۆن پارێزگاری لە سمبولە نەتەوەییەکانیان دەکەن؟

لە تەواوی گەلان و کەلتورە جیاوازەکانی دونیادا سمبولێک هەیە کە کۆی ئەندامانی ئەو گەلە لەسەری کۆکن و دەیپارێزن، بە نموونە ڕوداوی کۆمەڵکوژی هۆڵۆکۆست بۆ جولەکەکان بووەتە سمبولێکی گەورەی جوەکان و حکومەتی ئیسرائیل، ساڵانە لە ڕوی فەرهەنگی و سیاسی و پەروەردەکردنی کۆمەڵایەتییەوە دەدرێتەوە بە گوێی جوەکان و دانیشتوانی جیهاندا، بەجۆرێک لە سینەما و ئەدەب و تەنانەت مۆسیقاشدا هۆڵۆکۆست جێگەی هەیە و لەبیر ناکرێت.

ئەم حاڵەتە بۆ ئەرمەنەکانی جیهانیش ڕاستە، کە کۆمەڵکوژی و پەرتەوازەکردنی ئەرمەنەکان کاریکەری لەسەر شێوازی ژیان و تێڕوانینی ئەرمەنەکان هەیە بۆ جیهان، ئەڵقەیەکی پەیوەندی هەیە لە نێوان ڕابردوو و ئەو جیلەی گەورەدەبێت، بۆیە هەمیشە کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی ئەرمەنەکان دەدرێتەوە بەگوێی هەر ئەرمەنییەکدا لە هەرشوێنێکی جیهاندا.

وەک کۆمەڵناسان ئاماژەی پێدەکەن، لە هەرێمی کوردستان سمبول و هێڵە سورە نەتەوەییەکان دابەشبووە بەسەر زۆنەکاندا و ئەو سمبولە نەتەوەییەی لە زۆنێکدا پارێزگاری لێدەکرێت بۆ زۆنێکی دیکە بەهایەکی ئەوتۆی نیە، ئەمەش هەمان ئەو دەردەیە بە درێژایی مێژوو کورد پێوەی ناڵاندوویەتی.

بابەتی پێشتر

سوارێز و مێسی.. جەنگی هاوڕێکان بۆ خەڵاتی "پیچیچی"

بابەتی دواتر

ئالابا و ئۆپامیکانۆ دەبنە ناونیشانی میرکاتۆی 2021

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share