قوباد تاڵەبانی: ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە و لە ئاست قۆناغەکەدا نییە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستای هەرێمی کوردستان، ناتوانێت بەپێی پێویست خزمەتی هاوڵاتییان بکات و کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەربکات.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەممە، لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەندرۆ بیزڵی، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ کرا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە دۆخی ناوچەکە و هەروەها دۆخی سیاسیی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند، “پێویستە لایەنە عێراقییەکان لە گفتوگۆکانیان بە رەچاوکردنی دۆخی ناوچەکە، هەروەها داواکارییەکانی هاوڵاتییانی عێراق هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک بدەن کە بتوانێت سەقامگیری عێراق بپارێزێت و هاوکات هەنگاوی گرنگ بنێت بەرەو گەشەپێدانی ئابوری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا”.

ئاماژەش بەوەکرا، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کرا، قوباد تاڵەبانی کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا روونکردەوە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستییەکی بنەڕەتی دانا بۆ پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند “ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە و لە ئاستی قۆناغەکەدا نییە و ناتوانێت وەک پێویست متمانەی گەلی کوردستان و دۆستانمان لە ناوچەکە و جیهان بەدەستبهێنێت و لە هەمان کاتدا هەنگاوی پێویست بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەرێمی کوردستان”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share