عێراق.. كار بۆ یەكخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاكان دەكرێت

“نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاكان وایكرد كێشەیەكی ئیداری و دەستووری دروست ببێت”

هاوكات لەگەڵ هەنگاوەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لەهەمان وادەدا دەكرێت و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، بەهۆی ئەو بۆشاییە یاساییەی دروستبووە داواكە پشتیوانی زۆرینەی كوتلە و لایەنە سیاسییەكانی لەسەرە.

هەوڵە پەرلەمانییەكە پاش ماوەیەكی كەم دێت بەسەر دواخستنی هەڵبژاردن كە پێشتر بڕیاربوو لە حوزەیرانی داهاتوو ئەنجامبدرێت و بەپێی دوایین داوای كۆمسیۆن پێشنیاركراوە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئیستای وت، داوایەك هەیە لە زۆربەی كوتلە و لایەنە سیاسیەكان و پرۆژەیەكیش لە لیژنەی یاسایی گەڵالە كراوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق جگەلە هەرێم لە هەمان ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێت.

وتیشی، “داواكارییەكە بۆ ئەوەیە ئەو بۆشاییەی یاسادانان كە ئێستا هەیە و ئەنجومەنی پارێزگاكان نەماوە، زۆرینەی ئەو لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن ئەو كێشەیەش چارەسەربكرێت”.

ئەڵماس فازڵ ئەوەشی وت، “نەمانی ئەنجومەنی پارێزگاكان وایكرد كێشەیەكی ئیداری و دەستووریی لە عێراقدا دروست ببێت، بەتایبەتی ئێستا پارێزگارەكان بەبێ سانسۆر و چاودێری ماونەتەوە، ئەگەر چاودێرییەكیش هەبێت تەنها لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوەیە، لەكاتێكدا بەپێی یاسا لە بنەڕەتدا دەبێت ئەو ئەنجومەنانە هەبن بۆ دانان و لادانی پارێزگارەكان هەروەها بۆ ئیدارەدانی كاری چاودێری و، یاسادانان لەسەر ئاستی پارێزگاكان”.

لە 28ی تشرینی یەكەمی 2019 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ڕایكردنی كارەكانی ئەنجومەنەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی ئاشكراشیكرد، “داواكارییەكە لە ئێستادا قۆناغی دیكەی بڕیوە و كراوەتە پرۆژە بۆ هەمواركردنی یاسای ژمارە 12ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ژمارە 2008، ئێمە لە لیژنەی یاسایی تاوتوێمان كردووە بە ئامادەبوونی لیژنەی هەرێمەكان و زۆربەی لایەنە سیاسیەكان كۆكن لەسەری”.

هاوكات لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا داوایەكی دیكە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە بۆ هەمواركردنی یاسای ئێستای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو پەسەندكرا.

حسێن عقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران وتی، هەفتەی ڕابردوو لیژنەكەیان دوو داوای فەرمی جیای لە دوو كوتلەی سیاسییەوە پێگەیشتووە، بۆ هەمواركردنی یاسایی نوێی هەڵبژاردن، دەربارەی ژمارە و شێوازی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن و، پشتبەستن بە تەنها بە سیستمی بایۆمەتری لە دەنگداندا و، لابردنی ڕێگەدان بە پشتبەستن بە پێناسەی باری شارستانی بۆ دەنگدان.

عقابی ئەوەشی وت، “هەردوو داواكارییەكەی هەمواری یاساكە، تائێستا لە خشتەی كارەكانی لیژنەی یاساییدایە و، پێویستیان بە پێداچوونەوەیە بەر لەوەی خوێندنەوەی یەكەمیان لەنێو پەرلەماندا بۆ بكرێت”.

ئەڵماس فازیڵ: لایەنە سیاسیەكان ناتوانن تانەی لێبدەن، بۆیە پەنایان بۆ ڕێگای هەمواركردنەوە بردووە.

بەڵام ئەڵماس فازیل هەر داوایەك بۆ هەمواركردنی یاساكەی ئێستا بە دژوار ناودەبات و دەربارەی هۆكارەكەشی وتی، “لەبەر ئەوەی پاش ئەوەی دەنگێكی گشتگیر لە عێراقدا دروستبوو، بەپێی فشارێكی سیاسی یاساكە بەهەموو كەموكوڕییەكانیەوە تێپەڕبوو”.

ئەوەشی وت، “لەبەر ئەوەی دادگای فیدڕاڵی نییە، واتە لایەنە سیاسیەكان یاخود كوتلەكان ناتوانن تانەی لێبدەن، بۆیە پەنایان بۆ ڕێگای هەمواركردنەوە بردووە، بەڵام بە دژواری دەزانم لەئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕبێت”.

داواكاری هەمواركردنەكە ئەوەی لێدەردەكەوێت كە نیازی پشت دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنەكان بێت لەلایەن هەندێك لە هێزەكانەوە، بەتایبەت ئەوانەی ترسیان هەیە شەقام پشتیان تێبكات و دەنگی پێویست نەهێنن، هەروەك سووربوون لەسەریشی ئەگەری دروستبوونی ناكۆكی سیاسی دێنێتە ئاراوە كە ئەمیش هۆكار دەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكە.

لەو بارەیەوە پەرلەمانتارە كوردەكەی لیژنەی یاسایی كارێكی لەو جۆرەی بەدوورزانی و سەبارەت بە هەمواری یاساكە وتی، “بۆ داهاتوو سەد لە سەد دڵنیام ئەو یاسایە هەمواردەكرێتەوە، لەبەرئەوەی سیستمی جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقع قورسە”.

بابەتی پێشتر

بۆندی مەحاڵ .. لیڤەرپوڵ چاودێری دوو فەرەنسیەکەی لایپزیچ دەکات

بابەتی دواتر

سلێمانی.. شەش ڕاوچی دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەدر بۆ لایەنگرانی: بەهەوڵی ئێوە پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كاردانەوەی ئەرێنی بەدواداهات

موقتەدا سەدر داوادەكات خۆپیشاندانەكان لە پێناو ڕاستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسی جدیتربن، ئاشكرایدەكات بە هەوڵی خۆپیشاندەران پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان كاردانەوەی…
Total
0
Share