سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی دارایی كۆبووەوە

بۆ تاووتوێكردنی هەنگاوەكانی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە گشتیی عێراق بۆ دەنگدان، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی كۆبووەوە.

بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 30ی كانونی دووەم، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبووەتەوە.

بڕیارە لەو كۆبوونەوەیە، هەنگاوەكانی لیژنەكە بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیاساكە بۆ دەنگدان لەسەری تاووتوێ بكرێت.

کۆتایی هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە ئامادەدەبێت بۆ دەنگدان

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “لیژنەی دارایی پێداچوونەوەی کۆتایی بۆ 37 مادەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 کردووە.”

وتیشی، “بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن سەبارەت بە پرۆژەیاسای بودجە، لیژنەی دارایی لەگەڵ زۆرینەی دەستە و نوێنەری وەزارەتەکاندا کۆبووەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە ئامادەکردنی پرۆژەیاساکەیە بۆ دەنگدان.”

سەبارەت بەوەی كەی پرۆژەیاساكە دەخرێتە قۆناغی دەنگدانەوە؟ جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا ئاشكرایكرد، “ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا چارەسەربکرێت و هیچ گرفتێکی لەناكاو نەیەتە ئاراوە، ئەوا ئەگەرێكی زۆر هەیە كۆتایی هەفتەی داهاتوو، پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق ئامادەبێت بۆ دەنگدان.”

ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی، جارێكی تر سەردانی بەغدادی كرد و بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی بودجە و پشكی هەرێم و گفتوگۆكردن سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا كۆبووەوە.

بابەتی پێشتر

ئەفسەرێکی پۆلیس بە ملیارێک دیناری عێراقییەوە دیار نەماوە

بابەتی دواتر

ئیبار 0-2 ئیشبیلیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share