ویلایەتە یەكگرتووەكان زاڵمای خەلیلزاد لە پۆستەكەیدا وەك نێردە بۆ ئەفغانستان دەهێڵێتەوە.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، داوامان لێكردووە درێژە بەو كارە ناوەندییەی بدات كە دەستیپێكردووە.
زاڵمای خەلیلزاد، لەدایكبووی ئەفغانستان-ە و پێشتر باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكان بووە لە هەریەك لە نەتەوەیەكگرتووەكان و عێراق و ئەفغانستان لە سەردەمی جۆرج بۆش-ی كوڕدا.
دواتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا داوایلێكرد هاوكاری بكات بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەكەی هەڵبژاردنی تایبەت بە دانانی سنوورێك بۆ درێژترین جەنگ لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا.
پاش 19 ساڵ لە دەستێوەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان-دا لەدوای هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەری 2011، خەلیلزاد پاش چەند مانگێك لە دانوستان لە 29ی شوباتی ساڵی ڕابردوو گەیشتە ڕێككەوتن لەگەڵ تاڵیبان، كە لەلایەن زۆرینەی دیبلۆماتكار و شارەزایانەوە بە گرنگییەوە باسی لێوەكرا.
بەپێی ڕێككەوتنەكە تاڵیبان بەڵێنیداوە ڕێگەنەدات لە ئایندەدا ڕێكخراوی “تیرۆرستی” هاوشێوەی قاعیدە خاكی ئەفغانستان بەكاربهێنێت، هەروەك بەڵێنی دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حكومەتی كابول دا بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی ئاشتی.
لە بەرامبەریشدا ئەمریكا بەڵێنیدا هێزەكانی لە ئەفغانستان تا ناوەڕاستی 2021 بكشێنێتەوە.
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەستیپێكرد، بەڵام دانوستاندنەكانی تاڵیبان و حكومەت پەكیكەوت و توندوتیژییەكانیش لە وڵاتەكەدا بەرزبووەوە.