تێسلا بۆ یەكەمجار ساڵێكی بە قازانج تێپەڕكرد

پاش 17 ساڵ لە دامەزراندنی، كۆمپانیای تێسلا بۆ یەكەمجار توانی لە كۆی ساڵێك قازانج بەدەستبهێنت.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، كۆمپانیای تێسلا ئاشكرایكردووە، پوختەی قازانجی كۆمپانیاكە لە ساڵی 2020دا گەیشتووەتە 721 ملیۆن دۆلار.

ئەوەش لە كاتێكدایە، لە ساڵی 2019دا ئەو كۆمپانیایە بڕی 862 ملیۆن دۆلار زیانی كرد و لە ساڵی 2018شدا نزیكەی یەك ملیار زیانی پێگەیشتبوو.

كۆی داهاتی تێسلا لە ساڵی 2020دا بریتیبووە لە 31 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، لەكاتێكدا لە ساڵی 2019دا داهاتەكەی 24 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

سەركەوتنی ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی 2020دا و قازانجكردنی، دەگەڕێندرێتەوە بۆ زیادبوونی ڕێژەی فرۆشی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكانی لە وڵاتی چین و وڵاتانی ئەوروپا.

كۆمپانیای تێسلا لە ساڵی 2003 لەلایەن ئیلۆن مەسك، بزنسمانی ئەمریكی-یەوە دامەزراوە، كە لە ئێستادا بە دەوڵەمەندترین پیاوی سەر ڕووی زەوی دادەنرێت بە سەرمایەی 210 ملیار دۆلار.

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەك خانەقینی هەژاند

بابەتی دواتر

بایدن، زاڵمای خەلیلزاد لە پۆستەكەیدا دەهێڵێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share