هێمن هەورامی: ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر مادەی 11ی بودجەیە

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی کانونی دووەم ئاشکرایکرد کە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بەغدادە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقی هیچ بیانویەکیان بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراقی نەهێشتووەتەوە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021 نەنێرێت.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنوسان، هێمن هەورامی ڕایگەیاند، “ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم کە ئێستا لە بەغدادن، زۆرینەی کۆبوونەوەکانی شاندەکەش لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدایە”.

ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لەو ڕەشنوسی پرۆژەیاسایە دەکات کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق هەوڵ هەیە بۆ گۆڕانکاری لە ڕەشنوسی پرۆژەیاساکەدا لەبەر ئەو هۆکارەیە شاندی هەرێم لە بەغدادن.

هێمن هەورامی باسی لەوەکرد کە کێشە لەنێوان شاندی هەرێم و پەرلەمانی عێراقدا نییە لەسەر مادەی 10ی پرۆژە یاساکە کە بەپێی ئەو مادەیە “پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی خەرجیی فیعلی دیاریدەکرێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک و وەزارەتی دارایی خەرجی دەکات بە ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران و هەروەها دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەکۆی گشتیی خەرجی فیعلی (خەرجی بەکاربردن و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان) دەبێت بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک دوای لێدەرکردنی خەرجی سیادی”، بەڵام ناکۆکییان لەسەر مادەی 11یە کە تایبەتە بە پرسی ڕادەستکردنی نەوت.

لە مادەی 11دا هاتووە، “شایستەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 بۆ 2020 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم وردبینی دەکەن، شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ڕابردوو هەژمار دەکەن، ژمێرەی کۆتایی دەردەکەوێت کە لەلایەن دیوانی چادێری دارایی پەسند دەکرێت”.

 

هەروەك ئەوەش هاتووە كە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنی تێکڕای 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە نەوتی خاوی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی و فرۆشتنی لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت، پێویستە داهاتی نەوتی و نانەوتی تەنیا ڕادەستی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت بکرێت.

پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە ناکۆکی لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەیە سەبارەت بە ڕادەسکردنی نەوت و دوو پێشنیار خراواتە بەردەم شاندی هەرێم یان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە ڕێگای سۆمۆوە بفرۆشرێت یان دەبێت کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی بەغداد بکرێت، شاندی هەرێمی کوردستان  ڕەزامەندییان لەسەر پێشنیاری یەکەمداوە بەڵام ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتیان ڕەتکردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

قەیرانی کۆرۆنا مان یونایتدی لە یەکەمی ئەوروپاوە کردووە بە چوارەم

بابەتی دواتر

سلێمانی.. كەسێك دەستگیركرا "بەنیاز بووە بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەر ڕەوانەی دەرەوە بكات"

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێك: هەمواركردنەوەی یاسای بودجە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەردەكات

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، یاسای بودجەی عێراق هەمواربكرێتەوە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەردەبێت و دەشڵێت، “لە…
Total
0
Share