ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان شاندەكەی هەرێم و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكراكرا

لە كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان كرا.

لە ڕاگەیەندراوێكدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان و شایستەكانی لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021”.

موسەنا سامەرائی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكەی كردووە و قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەكەدا ڕایگەیاندووە، “هەمووان سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە بۆچوونەكان لێك نزیك بكەینەوە و ڕێكبكەوین لەسەر ڕێكارەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەست بە پشكی هەرێم، لە بەرامبەر پابەندییەكانیش دەبیت حكومەتی ناوەندیش بەڵێنەكانی بباتە سەر”.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی كانونی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، “قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران و سە‌رۆكی وە‌فدی دانوستانكار، بە‌رە‌و بە‌غداد بە‌ڕێكە‌وت”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “مە‌بە‌ستی سە‌ردانەکە، چە‌سپاندنی ڕێككە‌وتنی مانگی 12ی 2020ی نێوان حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكومە‌تی فیدڕاڵە‌ لە‌سە‌ر پڕۆژەیاسای بودجە‌ی 2021، كە‌ تیایدا پشكی ھە‌رێم بە 12.67٪‏ دیاریكراوە”.

ئاماژە بەوەشكراوە، “لە‌ئێستادا لیژنەی دارایی ئامادە‌كاری دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی ئە‌و پڕۆژە‌یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران بخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی”.

بابەتی پێشتر

فەیسبووك پۆستێكی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی سڕییەوە

بابەتی دواتر

سەركردەیەكی حەشد: ئەمریكا بە ئارەزووی خۆی و بەبێ ئاگاداریی بەغداد دەچێتە كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share