پرۆژەی رووناکی بە رەسمى نرخەکانی کارەبا رادەگەیەنێت

وەزارەتى کارەباى هەرێم رایدەگەیەنێت، پرۆژەی نیشتمانیی رووناکی بە رەسمى نرخی کارەبا بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، بەشێوەیەک داڕێژراوە 80%ى هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان پارەیەکی کەمتر بدەن بە کارەبا لەو بڕەی پێشتر بۆ مۆلیدە و کارەبای نیشتیمانی خەرجیان دەکرد.

لە راگەیەندراوێکى وەزارەتەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ پرۆژەی رووناکی و نرخی نوێی کارەبای پەسەندکرد. نرخەکان بۆ ماڵان بەشێوەیەک دانراون کەوا (تصاعدی)ـن، واتا چەند کەمتر کارەبا بەکاربهێنیت، کەمتر پارە دەدەیت و، هاوڵاتی بەتەواوەتی بەرپرسیارە لە بڕی بەکارهێنانی کارەباکەی.

دەشڵێت، نرخەکانی کارەبای ماڵان لە چوارچێوەی پرۆژەی رووناکی بەشێوەی پلەدار لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە بەم شێوەیە دەبێت:

ئاستی یەکەم: لە 0 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 400 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 72 دینار دەبێت.
ئاستی دووەم: لە 401 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 800 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 108 دینار دەبێت.
ئاستی سێیەم: لە 801 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1200 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 175 دینار دەبێت.
ئاستی چوارەم: لە 1201 کیلۆوات کاتژمێر بۆ 1600 کیلۆوات کاتژمێر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 265 دینار دەبێت.
ئاستی پێنجەم: لە 1600 کیلۆوات کاتژمێر زیاتر نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک 350 دینار دەبێت.

وەزارەتى کارەباى هەرێم دەڵێت، 64%ـی هاوڵاتییان دەکەونە ئاستی یەکەم و دووەم.

پرۆژەی رووناکی لەهەمان کاتدا نرخی کارەبا بۆ جۆرەکانی دیکەی هاوبەشانی کارەبا رادەگەیەنێت، کە بەشێوەی جێگیر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت کە بەم شێوەیە دەبێت؛
بازرگانی – 185 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
کشتوکاڵی – 60 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
پیشەسازی – 160 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
پیشەسازیی گەورە – 125 دینار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
میری – 160 بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک

وەزارەتەکە ئاماژەشدەدات، بۆ خەمڵاندنی بڕی پسوولەی کارەباکەت بەپێی رێژەی بەکارهێنانی کارەبا دەتوانیت تایبەتمەندی بژمێر لە وێبسایتی پڕۆژەی رووناکی بەکاربهێنت، کلیک لێرە بکە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share