پێگەی فرانک لامپارد بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەی چێڵسی-یەوە لاوازبووە، ئیدارەی یانە لە ئەگەری بەردەوامبوونی کەوتنەکاندا ئەم ڕاهێنەرە دووردەخاتەوە و ڕاهێنەرێکی دیکە دابین دەکات.
یەکێک لەو ڕاهێنەرانەی پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی لامپارد، ماسیمیلیانۆ ئالێگری ئیتاڵی-یە، بەڕێوبەرانی یانە پێیان وایە سەرکەوتوو دەبێت لە گرتنی جڵەوی یانەکە و گونجاندنی چەندین یاریزانی نوێی وەک حەکیم زەیاش و تیمۆ ڤێرنەر و کای هاڤێرتز، کە سەدان ملیۆن یورۆیان پێدراوە و تاوەکو ئەم ساتە ڕاهێنەری یانە نەیتوانیوە بەهۆیانەوە گۆڕانکاری دروستبکات.
ئالێگری لە هاوینی 2018وە بۆندەکەی لەگەڵ یوڤانتۆس هەڵوەشاندووەتەوە و بێکارە، لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە دەکرێت بڵیین گونجاوترین بژاردەیە بۆ شوێنگرتنەوەی لامپارد.
مێژووی ئیتاڵییەکان: ئالێگری تاکە ڕاهێنەری ئیتاڵی یانەی چێڵسی نابێت، پێشتر ڕۆمان ئەبرامۆڤیچی خاوەنی یانە کاری لەگەڵ ماورزیۆ ساری، ئەنتۆنیۆ کۆنتی، ڕۆبێرتۆ دی ماتیۆ، کارلۆ ئەنچلۆتی، کلاودیۆ ڕانیێری، جیانلوکا ڤالی کردووە.
ڤالی لە نێوان ساڵانی 1998 تاوەکو 2000 نازناوەکانی جامی یەکێتی یانە ئینگلیزیەکان، جامی ڕایەڵە، قەڵغانی خێرخوازی، جام و سوپەری ئەوروپای بەدەستهێناوە، ڕانییڕی دەستبەتاڵ بووە و ئەنچلۆتی لە 2009 بۆ 2010 نازناوەکانی قەڵغان و پریمەرلیگ و فا کەپی چنیوەتەوە.
ڕۆبێرتۆ دی ماتیۆی ئیتاڵیش تاکە ڕاهێنەرە لە مێژووی بلوزی لەندەن نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی لە ساڵی 2012 بەدەستهێناوە، هەروەها کۆنتی نازناوی پریمەرلیگی 2017 و فا کەپی 2018ی بۆ یانەکە بەدەستهێناوە، ماوریزیۆ ساری دواتر نازناوی یوروپا لیگی 2019ی چنیوەتەوە.
دەستکەوتەکانی ئالێگری: ئالێگری لەو ڕاهێنەرانەیە کە نازناوەکانی لەگەڵ میلان و یوڤی زۆر بووە، لەگەڵ ڕۆسۆنێری کالچیۆی 2011ی بەدەستهێناوە، لە 2012 ڕکابەربووە و 2013 بلیتی خولی یانە پاڵەوانەکانی بڕیوە.
لەگەڵ یوڤانتۆس کۆنتڕۆڵی نازناوەکانی سیریا ئەی کردووە و 11 نازناوی ناوخۆیی لە پێنج وەرزدا مسۆگەرکردووە.
شارەزای تاکتیکە و کارامەیە: ئالێگری یەکێکە لە ڕاهێنەرە تاکتیکیە ناوازەکان، چەندین پلان و شێوە یاریکردنی تاقیکردووەتەوەو سەرکەوتوو بووە.
لەگەڵ میلان پلانی 4-3-1-2 پاشان 4-3-3ی بەکارهێناوە و سەرکەوتوبووە، لە یوڤی 3-5-2 و پاشان 4-4-2 و دیسانەوە سەرکەوتوبووە، لەو جۆرە ڕاهێنەرانەیە کە بینەری وردەکاری یاریی دەبێت و گۆڕانکاری تاکتیکی بەهێز ئەنجامدەدات، بەم هۆیەوە شارەزایان بە باشترینی بواری تاکتیک لەم سەردەمە ناویدەبەن.
زوبانزانە: لە سەردەمی نوێی تۆپی پێ تێگەیشتن و قسەکردن بە زوبانی یاریزانان مەرجێکی سەرەکییە بۆ ڕاهێنەران، هەندێک لەسەرچاوەکان بڵاویانکردەوە کە ئالێگری لەبەرئەوەی زوبانی فەرەنسی نازانێت لە پێشوودا پاریس سانت جێرمانی ڕەتکردووەتەوە.
خۆشبەختانە لە سەردەمی میلان بە ڕۆژنامەی زە سەنی ڕاگەیاندووە، ” خۆم فێری زوبانی ئینگلیزی دەکەم، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێوەربگرم”، بێگومان لە ئێستادا شارەزای زوبانی ئینگلیزی و یاریزانانی چێڵسی-یە.
ئالێگری هەمیشەیی و سەربەستە: ڕۆژنامەی ئیندپێندیت بڵاویکردووەتەوە، ئیدارەی بلوزی لەندەن پەلەیان لە دوورخستنەوەی لامپارد نییە و بەدوای ڕاهێنەرێکی هەمیشەیی و سەربەستدا دەگەڕێن.
ئالێگری هەردوو خەسڵەتەکەی تێدایە، ڕاهێنەرێکی سەربەستە و گواستنەوەی بێبەرانبەرە، هەروەها دەکرێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ سوودی لێوەربگیرێت، چونکە هەمیشە خاوەنی پڕۆژەی درێژخایەن بووە.