ئینگلتەرا یان دانیمارک؟ داتاکان بخوێنەرەوە..

ئەمشەو چوارشەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا (یورۆ 2020)، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەرامبەر دانیمارک یاریدەکات.

ڕوبەڕوبوونەوە بەهێزەکە لە یاریگای وێمبڵی لە شاری لەندەن ئەنجامدەدرێت، ئینگلتەرا بە تێپەڕاندنی ئۆکرانیا (4-0) باشترین ئاستی پێشکەشکردووە، هەڵبژاردەی دانیمارکی ڕکابەریشی لەدوای ڕووداوە تەندروستییەكەی کریستیان ئیریکسنەوە بە ڕۆحیەتێکی بەهێزەوە وەک ئەسپی ڕەش بەرامبەر چیک (2-1) سەرکەوتنی تۆمارکردووە.

لەڕووی مێژووییەوە هەڵبژاردەکانی ئینگلتەرا و دانیمارک 21 جار ڕوبەڕوبوونەتەوە، سێ شێرەکەی ئینگلتەرا 12 یاری بردووەتەوە و چوار دۆڕاندن و پێنج یەکسانبوونیان تۆمارکردووە.

لە تۆماری گۆڵ، ئینگلیزەکان 36 گۆڵیان لەسەر تۆڕی دانیمارک تۆمارکردووە، لە بەرامبەردا دانیمارک 20 گۆڵی بەرامبەر ئینگلتەرا تۆمارکردووە.، هەروەها تۆمی تایلۆر گۆڵکاری مێژوویی ڕوبەڕوبوونەوەکانی نێوان ئینگلتەرا و دانیمارکە بە پێنج گۆڵ.

لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، ئینگلتەرا بە درێژایی مێژووی تەنها یەکجار بەرامبەر دانیمارک یاریکردووە، ئەویش لە ساڵی 1992 بووە و بەتایبەت لە قۆناغی کۆمەڵەکان، یارییەکە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهاتووە.

بابەتی پێشتر

مێسی: یاری کۆتایی کۆپا ئەفسانەییە و مارتینێز دیاردەیە

بابەتی دواتر

كفری.. ماددەی هۆشبەر چوار كەسی خستە زیندانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share