فڕۆكەخانەی بەغداد موشەكباران كرا

لەڕێی چوار موشەكی كاتیۆشاوە بووە

فڕۆكەخانەی بەغداد بە موشەكی كاتیۆشا كرایە ئامانج و میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە لەلایەن سیستمی دژەموشەكی بنكەی ڤیكتریی هێزەكانی ئەمریكاوە بەرپەرچدرایەوە.

هێرشەكە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 23ی كانونی دووەم لەڕێی چوار موشەكی كاتیۆشاوە بووە و بەپێی شایەتحاڵان دەوروبەری فڕۆكەخانەكەی گرتووەتەوە و یەكێك لە موشەكەكانیش لە ناوچەیەكی دانیشتوان نشین كەوتووەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی هەبووبێت.

بەڵام شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، سێ موشەك ئاراستەی فڕۆكەخانەی بەغداد كراون.

بەپێی بەیاننامەكە دوو موشەكیان لە دەرەوەی فڕۆكەخانەكە و سێیەمیش لە گەڕەكی جیهاد كەوتوونەتەوە و بێ زیانی گیانی بووە، بەڵام زیانی مادی لێكەوتووەتەوە.

بنكەی ڤیكتریی هێزەكانی ئەمریكا كۆتایی ساڵی ڕابردوو سیستمێكی بەرگری ئاسمانی جێگیركرد، هاوكات لەگەڵ ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەكانی دەوروبەری ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانە، ئەمەش لە ترسی ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران و ئەنجامدانی هێرش بەهۆی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە میانەی هێرشێكی هێزەكانی ئەمریكادا.

بابەتی پێشتر

ئەمریكا بەرنامەی وەرگرتنی كۆچبەرانی عێراقی هەڵدەپەسێرێت

بابەتی دواتر

پەرلەمانی عێراق لە ماوەی 10 ڕۆژدا بڕیار لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share