ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، كاندیدكردنی لوید ئۆستن-ی بۆ وەزیری بەرگری پەسەندكرد.
ئۆستن جەنەراڵی خانەنشینە، دووەم كاندیدی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكایە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری كە تا ئێستا پەسەندكرابێت و یەكەم ڕەشپێستە بۆ ئەو پۆستە.
لە دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پیران-دا، ئۆستن پشتیوانییەكی بەرفراوانی كۆماری و دیموكراتخوازەكانی بەدەستهێنا و 93 ئەندام بە بەڵێ و دوو ئەندامیش بە نەخێر دەنگیان بۆ كاندیدكردنی ناوبراو بۆ پۆستی وەزیری بەرگری دا.
بە گوێرەی یاسای ئەمریكا، دەبێت ئەو كەسەی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری كاندید دەكرێت سیڤیل بێت، یاخود سەربازێكی پێشوو بێت و حەوت ساڵ بەسەر خانەنشینبوونیدا تێپەڕبووبێت، بۆ ئەوەی وەزارەتی بەرگری لەلایەن كەسانی شارستانییەوە بەڕێوەببرێت.
لە دەنگدانەكەی ئەمڕۆی كۆنگڕێس-دا، هەردوو ئەنجومەنەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا كە نوێنەران و پیران-ن، بەدەر لە یاسا و بە شێوازێكی جیاواز و ڕیزپەڕ مامەڵەیان لەگەڵ ئۆستن-دا كردووە و دەنگیان پێداوە و پشتیوانی دەكەن ببێت بە وەزیری بەرگری، چونكە لوید ئۆستن ساڵی 2016 خانەنشین بووە.
سەرچاوەكان دەڵێن ئۆستن شارەزاییەكی باشی لە كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، هەمان ئەو تایبەتمەندێتییەی، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا هەیەتی.