بەهۆی لەدەستدانی هەستی بۆنكردن لە ئاكامی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، خێزانێكی ئەمریكی لە مردن بە سوتان نزیكبوونەوە.
لە تەكساس خێزانێك كە هەستی بۆنكردنیان بەهۆی كۆرۆناوە لەدەستداوە لە مردن نزیكبوونەوە دوای ئەوەی ئاگر ماڵەكەیانی گرتەوە، ئەوان نەیانتوانی پێشتر بۆنی دوكەڵەكە بكەن، وەك ئەوەی كەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویكردوەتەوە.
بەڵام بیكا ڕیڤیرا (تەمەن 17 ساڵ) تەنها كەسی خێزانەكە بووە كە توشی ڤایرۆسەكە نەبووە و، توانیویەتی بۆنی دوكەڵی ناو ماڵەكەیان بكات، لەو ڕوداوەدا كە هەینی ڕابردوو ڕویدا و، توانی سێ ئەندامی خێزانەكە و چوار سەگەكەیان دەربازبكات.
ئاگرەكە لە نزیك كاتژمێر 2ی بەیانی لە خانووە یەك نهۆمییەكەیاندا ڕویداوە و بەهۆیەوە تەواوی ماڵەكەی گرتووەتەوە. فەرمانگەی بەرگری شارستانی ناوچەكە لە تویتەر نوسیویەتی، “خێزانەكە بەبەختن كە ئێستا لەژیاندان”.
بیكا وتی، بۆنی پلاستیكی سوتاوی كردووە، دواتر ڕایكردوەتە دەرەوەی ژورەكەی، بەڵام نەیتوانیوە تێپەڕبێت بەهۆی پڕبوونی ماڵەكەیان بە دوكەڵ.
ئەو ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەتا ئەندامانی خێزانەكە لە خەو بەئاگاهێناوەتەوە و هاریكاری كردوون لە دەرچوون لە دەرگای دواوە، پاشان گەڕاوەتەوە ناوەوە بۆ ڕزگاركردنی گیاندارە ماڵییەكانیان.
لەدەستدانی هەستی بۆنكردن یەكێكە لە نیشانە دیارەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا. نەمانی ئەو هەستە لە هەندێك كەسدا ماوەیەكی بەرچاو دوای چاكبوونەوەش دەمێنێتەوە.