فوئاد حسێن: گرژییەكانی كەنداو و ئێران كاریگەریی نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی تائێستا پێویستی بە پشتیوانیی دەرەكی هەیە و دەشڵێت، گرژییەكانی كەنداو-ئێران كاریگەریی نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت.

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم وتی، عێراق بەتەنها ناتوانێت ڕوبەڕووی بارگرژییەكان ببێتەوە، بەڵكو تائێستا پێویستی بە پشتیوانیی دەرەكی هەیە.

وتیشی، “بەردەوامی گرژییە هەرێمایەتییەكان كاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنیی ناوخۆیی دەبێت”.

فوئاد حسێن ئەوەشی خستەڕوو، ململانێكانی كەنداو-ئێران كاریگەریی نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت. دوپاتیشیكردەوە، بوونی پەیوەندییەكی نوێ لەنێوان وڵاتانی كەنداو و تاران لە بەرژەوەندی عێراقدایە.

ئەمڕۆ دوو تەقینەوەی خۆكوژی لە بەغداد ڕوویاندا و بەهۆیەوە بەپێی دوایین ئامارەكان 32 كەس كوژران و 110 كەسیش برینداربوون.

لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تائێستا بە بەهێزی لە ژمارەیەك لە ناوچەكانی عێراق لە جموجوڵدایە و، هەڕەشەی ناوخۆیی تائێستا بوونی هەیە.

تەقینەوەكان كە لە نزیك گۆڕەپانی تەیەران لە ناوەڕاستی بەغداد ڕویدا تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەیەوە ڕانەگەیاندووە، تەقینەوەی خۆكوژی بە دەگمەن دادەنرێت لەدوای ڕاگەیاندنی شكستی ڕێكخراوی داعش لە ساڵی 2017، بەهۆی ئەوەی دواهەمین تەقینەوە لە كانونی دووەمی 2018 ڕویدا.

س: ئەلجزیرە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دژەتیرۆری عێراق: بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوو داواکراو لە هەڵەبجە دەستگیرکران

وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاشکرایکرد، هێزی دژە تیرۆری عێراق بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی توانیویانە دوو چەکداری…
Total
0
Share