فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان “فیفا” هەڵویستی فەرمی لە بارەی ئەو یانانە ئاشکرا دەکات، کە بە نیازن پاڵەوانێتیەکی جیاواز لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ڕێکبخەن.
دوای ئەوەی چەند یانەیەکی گەورە لە نمونەی ڕیاڵ مەدرید و بایرن میونشن و یوڤانتۆس هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنی پاڵەوانێتیەکی کیشوەری لەسەر ئاستی ئەوروپا دەستپێکرد، فیفا هەڵوێستی توندی بەرانبەریان نیشاندا.
یانە زەبەلاحەکانی ئەوروپا بە نیازبوون لە داهاتوودا پاڵەوانێتیەک لەژێر ناوی “سوپەر لیگ” سازبکەن، کە تەنها یانە گەورەکان تیایدا بەشداردەبن، سپۆنسەر و پاڵپشتیشیان لەدەرەوەی فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئەوروپا جیهان بۆ مسۆگەرکردووە، ڕەنگە داهاتی ئەو یانانە بکاتە دووهێندە و لەهەمان کاتدا لە سەنگ و قورسایی چامپیۆنزلیگ و خول و پاڵەوانێتیە ئەوروپی و جیهانیەکان کەمدەکاتەوە.
لەم بارەیەوە فیفا ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا هاتووە، ” لە ڕۆشنایی ئەو زانیارییانەوە کە لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە و ئاماژە بە ڕێکخستنی پاڵەوانیەتی سوپەری ئەوروپی دەکەن، فیفا لەگەڵ شەش فیدراسیۆنە کیشوەرییەکە “ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و باکور و ئەوروپاو ئۆقیانۆسا” دووپاتیدەکاتەوە، ئەم جۆرە پاڵەوانێتیە لە دەرەوەی کاری ئێمەیە و بەهەموو شێوەیەک ڕەتیدەکەینەوە و لەلایەن هیچ یەکێک لەم فیدراسیۆنانەوە دانی پێدانانرێت، هەر یانە و یاریزانێک لەم خولەدا بەشداری بکەن ڕێگەیان پێنادرێت لە خول و پاڵەوانێتیەکانی سەر بە فیفا و فیدراسیۆنەکانی دیکە بەشداری بکەن”.
ڕاگەیانراوەکەی فیفا لەلایەن سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی ئاسیا، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و باکوور و ئۆقیانۆساوە واژووکراوە و بە ئاشکرا دەریدەخات، هەر یانە و یاریزانێک لەم خولەدا بەشداربێت لە خولە ناوخۆییەکان و ئەوروپی و جیهانیەکان دووردەخرێتەوە، ئەوەش بە تەواوی دەرگا بەڕووی ڕێکخەرانیدا دادەخات.