رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رێنمایی نوێی سەبارەت بە بەکارهێنانی خوێ دەرکرد.
رێکخراوەکە داوای گۆڕینی خوێی ئاسایی دەکات بەو جێگرەوانەی کە سۆدیۆمیان کەمترە، ئەمەش هەنگاوێکە ئامانج لێی کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکانە کە لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە خواردنی خوێدا دروستدەبن.
لەمێژە رێنماییە تەندروستییە جیهانییەکان پێشنیاری کەمکردنەوەی خواردنی خوێ (کلۆریدی سۆدیۆم) دەکەن، بەو پێیەی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە زیادەڕۆیی لە خواردنی خوێدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشیی گورچیلە زیاددەکات.
بەگوێرەی خەمڵاندنی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە ساڵێکدا ملیۆنێک و 900 هەزار حاڵەتی مردن هەیە کە هۆکارەکەی بۆ خوێی زۆر دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە رێکخراوەکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە رۆژانە لە دوو گرام سۆدیۆم زیاتر نەبێت، بەڵام تێکڕای بەکارهێنانی سۆدیۆم لە جیهاندا لە دوو هێندە زیاترە، بەجۆرێک تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانە نزیکەی 4.3 گرام بووە لە ساڵی 2013دا وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پابەندبوون بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سۆدیۆم بەڕێژەی 30% لە ساڵی 2025، بەڵام گەیشتن بەم ئامانجە قورس بووە، ئەمەش وایکردووە رێکخراوەکە وادەی کارکردنەکە تاوەکو ساڵی 2030 درێژبکاتەوە.
تەحەدای سەرەکی لە سەختیی کەمکردنەوەی خواردنی خوێدایە، چونکە ئەمە پێویستی بە دەستکاریکردنی خووی خواردن و راهاتن بە تامێکی کەمتری خوێ هەیە، ئەمە جگە لە گۆڕینی شێوازەکانی ئامادەکردنی خۆراک، هەروەها پیشەسازیی خۆراک بەزەحمەت سۆدیۆم لە بەرهەمەکانیدا کەمدەکاتەوە.
لەم رووەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیاری بەکارهێنانی خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم دەکات وەک جێگرەوەیەک بۆ خوێی تەقلیدی، کە بەشێک لە کلۆریدی سۆدیۆم بە کلۆریدی پۆتاسیۆم دەگۆڕدرێت، کە کانزایەکی سەرەکییە و پێویستە بۆ ئەرکە گرنگەکانی جەستە.
زانراوە کە خواردنی بڕێکی پێویست لە پۆتاسیۆم کە بە زۆری لە سەوزە و میوەی تازەدا هەیە، بەشدارە لە دابەزاندنی پەستانی خوێن.
تاقیکردنەوە کلینیکییە گەورەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەریانخستووە کە گۆڕینی خوێی ئاسایی بە خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.
هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو جێگرەوەی خوێیە دەتوانێت ساڵانە رێگری لە مردنی سەدان ھەزار کەس بکات بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە خوێیان زۆرە وەک چین و هیندستان.
سەرەڕای سوودە تەندروستییە ئەگەرییەکانی، هێشتا هەندێک بەربەست لەبەردەم بەکارهێنانی بەربڵاوی خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆمدا هەیە، لەوانە تێچوون و بەردەستبوونی کلۆریدی پۆتاسیۆم گرانترە بۆ بەرهەمهێنان لە کلۆریدی سۆدیۆم، ئەمەش وایکردووە خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم بەرهەمێکی گران بێت.
بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لەم پێشنیارانە وەربگرین، پێویستە جێگرەوەی خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەست بێت و بە نرخێکی گونجاو لە فرۆشگاکاندا بخرێتە لیستی خوێی ئاساییەوە بۆ ئەوەی دەستڕاگەیشتنیان ئاسانتر بێت، هەروەها پێویستە هەڵمەتەکانی هۆشیاری بەهێز بکرێن بۆ ئەوەی یارمەتیی خەڵک بدات لە سوودە تەندروستییەکانیان تێبگەن و هانی بەکارهێنانیان بدەن .
هەرچەندە خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم بۆ زۆربەی کەسەکان سوودی هەیە، بەڵام رەنگە بۆ ئەو کەسانە نەگونجێت کە نەخۆشیی گورچیلەیان هەیە، چونکە کێشەیان هەیە لە پرۆسێسکردنی پۆتاسیۆمی زیادە بۆیە پێویستە هۆشدارییەکی روون لەسەر بەرهەمەکان دابنرێت بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانی سەلامەت.