نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانەکەی بۆ بەریتانیا دەستپێدەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی رەسمیی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، سەردانەکەی بۆ شانشینی یەکگرتوو دەستپێدەکات”.
بەپێی راگەیەندراوەکە، “سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ چەند بەرپرسێکی بەریتانیا ئەنجامدەدات، دیارترینیان چارڵزی سێیەم، شای شانشینی یەکگرتوو، و کیر ستارمەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا-ن، جگە لەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی کەرتی بازرگانی کۆدەبێتەوە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “سەردانەکەی سەرۆک وەزیران لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاسۆی هاوکاریی نێوان عێراق و بەریتانیا دێت، بەو پێیەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لە بوارەکانی ئابوری، وەبەرهێنان و ئەمنیدا واژۆدەکرێت”.