بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم بڵاویکردەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو ئاسمانی هەرێم ساماڵ بێت و تەم لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم دروستببێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەکرد، دوای هاتنی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی رووی لە ناوچەکەمان کرد لە ئێستادا کاریگەری ئەم شەپۆڵە کۆتاییهاتووە و پێشبینی دەکەین ئەمشەو ئاسمانی هەرێم ساماڵ بێت و لەگەڵ دروستبوونی تەم لەزۆربەی ناوچەکان ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین.
کەشناسیی هەرێم دەشڵێت، “ئەمشەو لە هەندێک کاتدا مەودای بینین لە یەک کیلۆمەتر کەمتر دەبێت و کاریگەریی ئەم تەمە تاوەکو بەیانی لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە.”
پێشتریش، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئەمڕۆدا رایگەیاند، سبەینێ دووشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور.