سەرۆكی یەكێتی لە دیداری كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، دەبێت لە سوریای نوێدا مافی هەموولایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینە بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموولایەک کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەکە بکەن. دەبێت لە سووریای نوێدا مافی هەموولایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، سەرۆکی یەكێتی رایگەیاند، هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حکومەتی نوێوە روونە و نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی رابردوو دووبارەبکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتوو دادپەروەرانە و دوور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات. ئێمە ناکۆکی و لێکترازان بەهەمووشێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین. بۆیە هیوادارین هەموو لایەنەکانی دیكەش بەم نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێکەوە هەرێمەکان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاراستە بکەین.
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و رایگەیاند، یەکخستنەوەی پێشمەرگە پرۆسەیەکی نیشتمانی و چارەنووسسازە، هیوادارین ئاستەنگە حزبییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە و هەموومان هێزێکی تۆکمە بۆ کوردستانەکەمان بونیادبنێین.
لە دیدارەكەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە جەختیلێکرایەوە.