دوو بومەلەرزە لە ماوەی کەمتر لە 10 خولەکدا، شەوی رابردوو، ناوچەکانی ئەسیوبیایان هەژاند.
بەپێی راپۆرتی جیۆلۆجیی ئەمریکی، یەکەم بومەلەرزە بە گوڕی 4.9 پلە بە پێوەری رێختەر، لە دووری 23 کیلۆمەتر لە باکووری ئاواش، لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ژێر رووی زەوی روویداوە.
دوای نزیکەی 10 خولەک، بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.6 پلە بە پێوەری رێختەر لە نزیک شاری متاهارا، بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر هاوشێوەی ئەوەی دیکە روویدا.
لە بارەی زیانە گیانی و ماددیەکانەوە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە.
ئەسیوبیا لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 120 بومەلەرزەی بەخۆیەوە بینیوە، بەمەش ساڵی 2024 بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی بومەلەرزە لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە.
بومەلەرزەکانی ئەسیوبیا ترسی میسری زیادکردووە لەوەی مەترسی لەسەر بەنداوی رێنێسانس دروستببێت، بەڵام دکتۆر عەباس شەرەقی، پرۆفیسۆری جیۆلۆجی و سەرچاوەکانی ئاو لە زانکۆی قاهیرە، پشتڕاستیکردەوە کە بومەلەرزەکانی ئێستا لە ئەسیوبیا بەم بەهێزییە و بە دووری 500 بۆ 600 کیلۆمەتر لە بەنداوی رێنێسانسەوە کاریگەری لەسەر نییە، ئەگەر پلەکەی لە 6.5 زیاتر نەبێت.