سەبارەت بەو بڕە پارەیەی لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە زانیاری و ژمارەی جۆراوجۆر بڵاوكراونەتەوە، شارەزایان و پەرلەمانتارانیش روونكردنەوەكانیان سەبارەت بەو بڕانە چونیەك نین، ئەمەش ناڕوونی دروستكردووە.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە 2ی ئەم مانگە بڵاویكردەوە، بۆ تێكڕای ساڵی 2024 لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕی (10.752.582.558.480) 10 ترلیۆن و 752 ملیار و 582 ملیۆن و 558 هەزار و 480 دینار رەوانەی هەرێم كراوە تایبەت بە مووچە.
بەڵام لەو خشتەیەدا كە لە 24ی كانونی یەكەم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە ئەو پشكەی بۆ هەرێم نێردراوە بە (10.901.261.957.875) 10 ترلیۆن و 901 ملیار و 261 ملیۆن و 957 هەزار و 875 دیناری تا مانگی تشرینی یەكەم دیاریكراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا ئەو بڕەی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی پێداوە تا كۆتایی ساڵ نییە و، هەروەها تەنها بۆ مووچە رەوانەی هەرێم نەكراوە، بەڵكو لەو بڕە زیاتر لە 7.5 ترلیۆنی كە دەكاتە رێژەی 71%ی بۆ مووچەیە و ئەوی دیكەی تایبەت بووە بە (خزمەتگوزاری، شمەك و پێداویستی، چاكسازی و هاریكاری) بەمجۆرە:
– حەوت ترلیۆن و 687 ملیار و 867 ملیۆن و 216 هەزار و 132 دینار بۆ مووچە.
– 251 ملیار و 699 ملیۆن 449 هەزار و 667 دینار بۆ خزمەتگوزاری.
– 285 ملیار و 143 ملیۆن و 528 هەزار و 433 دینار بۆ شمەک.
– 130 ملیار و 825 ملیۆن و 557 هەزار و 26 دینار بۆ چاکسازی.
– 485 ملیار و 831 ملیۆن و 378 هەزار دینار بۆ بواری هاریکاری و یارمەتی و خەرجیی دیکە.
بۆیە ئەو بڕی (148 ملیار و 679 ملیار دینار)ە تەنها جیاوازیی نێوان هەردوو راگەیەندراوەكەی هەردوو وەزارەتەكە نییە، بەڵكو چەندین جیاوازیی تریش هەن، لەوانە ئەو بڕەی بەغداد دیاریكردووە سەرجەمی بۆ مووچە نییە، هەروەها تا مانگی تشرینی دووەمە نەك تا كۆتایی ساڵ.
سەبارەت لێبڕینی پشكی هەرێم لە مووچەش بەتایبەت بۆ مانگەكانی تشرینی یەكەم، تشرینی دووەم و كانونی یەكەم كە لەلایەن بەغدادەوە بە چەند قۆناغێك (760.262.000.000)، (631.335.000.000) و (444.493.000.000) دینار تەرخانكراوە و بۆ هەر سێ مانگەكە دەكاتە (1.833.090.000.000) دینار و، بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم نزیكەی (1.167.000.000.000) دیناری تەمویلی مووچەی ئەو سێ مانگە بڕدراوە.
بەپێی لێدوانی فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق كەمكردنەوەی پارەی مووچەی ئەو مانگانە بەهۆی لێدەركردنی “نیوەی داهاتی ناوخۆ” بووە كە دەبوو هەرێم مانگانە نزیكەی 160 ملیار دینار رەوانەی بەغداد بكات و نەیكردووە، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێراق پاش هەڵسەنگاندنی تەرازووی پێداچوونەوە “میزانی موراجەعە” لەو مانگانەی كۆتایی بڕیویەتی.
بەڵام لە راگەیەندراوەكەی دارایی هەرێمدا هاتووە كە بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوولا لە داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ (339.168.961.000) دینار رەوانە كراوە، كە بۆ هەر مانگێك كەمتر لە 80 ملیار دینار دەكات.
ئەو بڕە لە لێدوانێكی ئەمڕۆی عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا دووپاتكرایەوە و وتی، بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و ناوەند بڕیاربوو لەدوای مانگی شەشەوە هەرێم لەنێوان 77 تا 83 ملیار داهات بۆ بەغداد بنێرێت، كە 25%ی داهاتی ناوخۆ دەكات، بەڵام هەرێم نەیناردووە، لە بەرامبەردا بەغداد لە پشكی مووچەی بڕیوە.
بەڵام بەپێی ئەو لێبڕینەی كە لە بڕی تەرخانكراوی سێ مووچەی كۆتایی ساڵی رابردووی نێردراو دەردەكەوێت، بەغداد نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی بۆ ئەو حەوت مانگە بە نزیكەی 160 ملیار دیناری مانگانە خەمڵاندووە و بە لێكدانی 160*7 (حەوت مانگی حوزەیران تا كانونی یەكەم) دەكاتە هەمان ئەو بڕەی بەغداد لە پشكی مووچەی بڕیوە و وەزارەتی دارایی هەرێم بە نزیكەی (1.167.000.000.000) دینار دیاریكردووە.
واتە بەغداد بۆ پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ كە بەپێی رێككەوتنی نێوانیان بە وەرگرتنی (25%)ی داهاتی ناوخۆ رەزامەندی داوە، بۆ حەوت مانگەكەی دیكە گەڕاوەتەوە بۆ وەرگرتنی (50%)ی داهاتی ناوخۆی هەرێم و پاش پابەندنەبوونی هەرێم بە ناردنی، لە تەرخانكراوی مووچە بڕیویەتی.