دوابەدوای تەواوبوونی پشووی رەسمیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە لە دوای 9ی ئەم مانگەوە دەستپێبکاتەوە و دوو پڕۆژەیاسای گرنگ بۆ کورد لەسەر مێزی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن.
سەباح شێخ حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای رایگەیاند، کاردەکەین بۆ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر هەردوو پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵكو ماڵ بۆ خاوەنەكانیان و بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، كە هەردوو پڕۆژە یاساكە بۆ فراكسیۆنە کوردییەکان گرنگن.
هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی قیادە سەورە و گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراوان لەناوچە جێناكۆكەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بە دەرکردنی بڕیارەکە خەڵکێکی زۆری کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان سوودمەند دەبن.
فراكسیۆنی یەكێتی بۆ پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پێشكەشكردووە و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر بدرێت.
سەباح شێخ حەسیب لەبارەی هەمواری یاسای بودجەشەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیار وایە لەم وەرزەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەموواری یاساکە بگاتە ئەنجومەنەکە و هەمواربکرێتەوە.