توێژەران سێ رێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە خوویەکی خراپ دیاریدەکەن

توێژەرانی زانستی دەروونناسی سێ رێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە خوویەکی خراپ دیاریدەکەن، کە بە جێبەجێکردنیان لەماوەیەکی دیاریکراودا کاریگەری بەسوودی بۆ مرۆڤ دەبێت.

بەشێکی زۆری مرۆڤەکان لە ژیانیاندا خاوەنی خوویەکی خراپ بوون، کە لەکەسێک بۆ کەسێک و لە جۆرێک بۆ جۆریکەوە دەگۆڕێت و جۆراوجۆرە، بەربڵاوترین خووە خراپەکانی جیهانیش بریتین لە “کەمخەوی، خواردنی خۆراکی نا تەندروست، وەرزش نەکردن”و چەندین جۆری تر.

ماڵپەڕی “سایکۆ پۆست” بڵاویکردووەتەوە، توێژەرانی بواری دەروونناسی لە توێژینەوەیەکیاندا ئاشکرایان کردووە، کە سێ رێگای کاریگەر بوونی هەیە تا مرۆڤ بتوانێت لە هەر خوویەکی خراپی ژیانی دووربکەوێتەوە و وازی لێبهێنێت.

یەکەم: کاردن بە سیستەمی پاداشت و سزا

هەرکاتێک بیرکردنەوەت بەلای خووە خراپەکەدا رۆیشت و ویستت ئەنجامی بدەیت، ئەوا سزایەکی بچوک بۆ خۆت دیاریبکە تا ببێتە هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوە لە خووەکە. هەرکاتێکیش، توانیت بەسەریدا زاڵ بیت و ئەنجامی نەدەیت بەهەمان شێوە پاداشتێکی گونجاو بۆ خۆت دیاریبکە.

دووەم: هۆکاری سەرەکی بدۆزەرەوە

وەک چۆن هەموو شتێک سەرەتای هەیە، خووەکانیش بەوجۆرەن، هەربۆیە بزانە سەرەتای دروستبوونی خووە خراپەکەت بۆچی دەگەرێتەوە و پاڵنەری دروستبوونی چیبووە، دەتوانیت لە رێگای زانین و دیاریکردنی سەرەتای دروستبوونییەوە کۆتاییەکیش بۆ خووەکە دابنێیت و وازی لێبهێنیت.

سێیەم: دۆزینەوەی جێگرەوەیەک

رەنگە تەنها بە وازهێنان لە خوویەکی خراپ نەتوانیت دەرئەنجامێكی باش و کاریگەر بەدەستبهێنیت، بەڵکو لە هەمانکاتدا پێویست دەکات لەگەڵ وازهێنان لە خووە خراپەکەدا، جێگرەوەیەکی ئەرێنیشی بۆ بدۆزیتەوە، چونکە کاتێک مرۆڤ بۆ ماوەیەک هۆگری خوویەک دەبێت ئەوا دوای وازهێنان بۆشاییەکی دەروونی بۆ دروستدەبێت، بۆیە زۆرجار ئەو بۆشاییە دەروونییە دەبێتە پاڵنەرێک بۆ دروستبوونی خووەکی هاوشێوە یان خراپتر، بۆیە دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی باشتر کارتگەرییەکەی باشتر دەکات، بۆ نمونە: ئەگەر بەیانییان دوو کاتژمێر سەیری تەلەفزیۆن دەکەیت و دەتەوێت خووەکەت بگۆڕیت، ئەوا ئەو ماوەیە سەرقاڵی وەرزشکردن بە”.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

لەبارەی مووچەی خانەنشینان دڵنیایی دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share