تیمە گەڕۆكەكان لە سلێمانی و دەوروبەری بۆ پێدانی ڤاكسین دەستبەكاربوون

تیمی گەڕۆكی تەندروستیی سلێمانی لە بەردەركی سەرا فۆتۆ: پاڤێل عەبدولڕەحمان

لەچێوەی هەڵمەتی هاندانی وەرگرتنی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا، 25 تیمی پزیشكیی گەڕۆك لە سلێمانی و دەوروبەری دەستبەكاربوون، تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، دەمانەوێت زۆرترین هاوڵاتی لە وەرگرتنی ڤاكسین سوودمەندببن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكێك لە تیمە گەڕۆكەكان لە بەردەركی سەرای سلێمانی دەستبەكاربوو.

هەڵمەتەكە بەسەرپەرشتیی فەرمانگەی تەندروستیی سلێمانی و ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییە و تا كۆتایی مانگی داهاتوو بەردەوامدەبێت.

سامان شێخ لەتیف، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەهاوكاریی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و بە چاودێریی هەردوو وەزارەتی تەندروستیی هەرێم و عێراق، هەڵمەتی نیشتمانی “بەڵێ ڤاكسین تەنها ڕێگایە بۆ گەڕانەوەی ژیانێكی ئاسایی” دەستیپێكردووە.

وتیشی، “لەمڕۆوە 25 تیم دەستبەكاربووە، كە 17 تیمیان بۆ ناوشاری سلێمانی دەبێت، سێ تیم بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، سێ تیم ئیدارەی گەرمیان و دوو تیمیش بۆ هەڵەبجە دەبن”.

تیمەكان جێگیر و جووڵاو دەبن، جووڵاوەكان بۆ ناحیە و ناوچەكانی دەوروبەر بەمەبەستی كارئاسانی بۆ هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە دەبن.

سامان شێخ لەتیف لەبەردەم یەكێك لە تیمەكان بۆ ئێستای ڕوونكردەوە، ئەم تیمە ڕۆژانە لە كاتژمێر 8:30 خولەك تا كاتژمێر 12:30 خولەك لە بەردەم سلێمانی پاڵاس دەبێت، دواتر لە كاتژمێر 1:30 خولەك تا كاتژمێر 5:30 خولەك لە بەردەكی سەرا و شەوانیش لە كاتژمێر 6 تا كاتژمیر 11 لە شەقامی سالم دەبێت.

هەڵمەتەكە تا 31ی كانونی یەكەمی داهاتوو دەبێت و بەوتەی بەرپرسەكەی تەندروستیی سلێمانی، ڕێژەی كوتان كە لەئێستادا 13%یە دەیانەوێت كوتان بە هەردوو ژەمەكە لەنێو هاوڵاتییان بۆ 30 تا 35% بەرزبكەنەوە.

بابەتی پێشتر

هەسارۆچكەیەك بەنزیك زەویدا تێپەڕی و خەریكبوو بەریبكەوێت بەبێ ئەوەی زانایان هەستی پێبكەن

بابەتی دواتر

پلانی لاپۆرتا بۆ بەهێزبوونی بەرشلۆنە

بابەتی پەیوەندیدار