محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ساڵێکە ناوچەکە شایەتی پێشهاتە ئاڵۆزەکان و گۆڕانکاریی سیاسیی بووە، دەشڵێت، “توانیمان عێراق لە جەنگ دووربخەینەوە.”
محەمەد شیاع سودانی راشیگەیاند، “لە سەرەتای رووداوەکانی سوریاوە هەوڵمان بۆ ئەوە بووە عێراق لە لایەنگری بەرامبەر حزبێک یان گروپێک دوور بخەینەوە، هەڵبژاردنیش بۆ سوریاییەکان جێبهێڵین تا چارەنووسی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.”
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، “حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا و هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە کە ئەدای حکومەت بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەبچێت و رێژەی دەستکەوت و تەواوکردنی بەرنامەی حکومەت 60%ی تێپەڕاندووە و چاکسازیی داراییمان کردووە لە سیستمی عێراقدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی سیاسییەوە توانیومانە سەروەری بۆ عێراق بەدەستبهێنین و شەرعیەت بگێڕینەوە، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و سەرژمێری گشتیی دانیشتووان ئەوە بەدەستهاتووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، “جەختمان لەوە کردووەتەوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتان باشتر بکەینەوە، لە رێگەی بەکارهێنانی پێگەی جیۆپۆلیتیکی عێراق لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکان.
باسی لەوەشکرد، عێراق دوورخرایەوە لە جەنگ لە رێگەی شەونخونی و پرس و راوژێک لەگەڵ هاوپەیمانانن و دۆستەکنامان و پاڵپشتی هێزە سیاسییە ناوخۆییەکانی عێراق.