وەفدێکی سێ کەسی بە فایلێکی مێژوویی و پڕ ئومێد بۆ داهاتوویەکی باشتر لە دەرگای کەس و لایەنە سیاسییەکان دەدەن، ئەوانیش پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەر و ئەحمەد توركن، دوابەدوای سەرهەڵانی پرسی ئاشتی لە تورکیا ئیتر دەستیان بە سەردانەکان کردووە.
دوبەدوای ئەوەی وەزارەتی دادی تورکی رێگەی بە پەروین بوڵدان و سری سورەیان ئۆندەردا بچنە ئیمڕاڵی و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت لەدوای نزیکەی هەشت ساڵ قەدەغەی دیدار لە عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرەکانیدا، رۆژی 28ی 12 هەردوو هاوسەرۆکی پارتی دەم چوونە لای ئاپۆ و گوێیان لێگرت لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە و لە راگەیەندراوێکدا چەند خاڵێکیان لەبارەی بۆچوونیەوە خستەڕوو.
دواتریش، لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نومان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە کۆبوونەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، بەر لە کۆبوونەوەی عەبدوڵا ئۆجالان و پارتی دەم، چەند جارێک خودی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی چوونەتە ئیمڕاڵی و لەگەڵ ئاپۆ کۆبوونەتەوە.
ئێستا بڕیارە وەفدەكەی پارتی یەكسانی و دیموكراتی “دەم پارتی” رۆژی 6 و 7ی ئەم مانگە سەردانی پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بكەن، دواتر لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان لە زیندانی ئەدرنە كۆببنەوە و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن لەگەڵ سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و سەندیکا، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراوە کرێکارییەکان و بازنەی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆریش.
عەبدوڵا ئۆجالان لە قسەکانیدا لەگەڵ دەم پارتی، رۆڵ و پێگەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیشی بە کەم تەماشا نەکردووە و رایگەیاندووە، کە پێویستە پاڵپشتی و پێشنیارەکانیان لەبەرچاوبگیرێن کە پارتی جەهەپە سەرکردایەتیی ئۆپۆزسیۆنی تورکی دەکات.
بە گوێرەی راگەیەندراوی دەم پارتیش، شاندەکە دوای دانوستانەکان سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجالان بەیاننامەیەکی گشتگیر بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە، بەرەو چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لێی دەڕواندرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کورد هەمیشە ئەو لایەنە بووە کە ئاشتی ویستووە و هەوڵی بۆ دانووستان و گفتوگۆ داوە، بەڵام شکستهێنانی گفتوگۆکان لە رابردوودا، بێگوومان بووتە هۆی ئەوەی کورد پاشەکشە هەبێت، بەڵام ئەو مەلەفەی پارتی دەم بەدەستییەوە گرتووە، مەلەفێکی مێژوویی و گرنگە کە دەتوانێت داهاتوو بگۆڕێت و کۆتایی بە شەڕ و ململانێکان بهێنێت و کورد بگەیەنێتە مافەکانی، وێڕای ئەوەی ئەم بابەتە لە باکووری کوردستان گفتوگۆی دەکرێت بەڵام بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت.
جێی وەبیرهێنانەوەشە کە هێنانەوە بەر باسی پرسی کورد، دوای ئەو رووداوە خێرایانە دێن کە ناوچەکەیان گرتووەتەوە، وەک بابەتی لوبنان و غەززە و سوریا.