بایدن سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر هەرێم و عێراق دەگۆڕێت؟

هەرچەندە جۆ بایدن هێشتا كلیلی كۆشكی سپی وەرنەگرتووە و ڕكابەرەكەی دانی بە بردنەوەیدا نەناوە، عێراقییەكان چاوەڕوانی سیاسەتێكی جیاوازی لێدەكەن، بەڵام چاودێرێكی سیاسی كورد دەڵێت، گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ دروستنابێت.

لەو سەردەمەیدا كە سیناتۆر بووە، بایدن پێشنیازی ئەوەی كردووە سونەكانی عێراق هەرێمێكیان بۆ دروست بكرێت، ئێستاش لەگەڵ بردنەوەی هەڵبژاردنەكان چاوەڕوان دەكرێت هەمان پێشنیاز بكاتەوە.

خەونی هەرێمی سونی دەبێتە ڕاست؟
مەحمود عوسمان، چاودێری سیاسی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پێش 14 ساڵ جۆ بایدن لە سینات باسی لە دروستكردنی هەرێمێكی سونی كرد لە عێراق، بەڵام دواتر كە بووە جێگری سەرۆكی ئەمریكا ئەو قسەیەی قوت دایەوە و نەیكردەوە چونكە سیاسەتی ئەمریكا ئەوە نییە”.

ئەو سیاسەتمەدارە كوردە ئەوەشی خستەڕوو، “پرسی دروستكردنی هەرێمێكی دیكە لە عێراق، پرسێكی ناوخۆیی و دەستوورییە و ئەمریكا تەداخولی ناكات”.

مەحمود عوسمان ئەوەشی ڕاگەیاند، “من زانیاریم هەیە كە سونە خۆی لەگەڵ دروستكردنی هەرێمدا نییە، دەیانەوێت حكومەتێكی ناوەندی هەبێت تەنانەت شیعەش هەمان ڕای هەیە”.

بەڕای ئەو چاودێرە سیاسییە، ترەمپ یان بایدن، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق ناهێنن، وتیشی، “تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بینیمان هیچكامیان باسیان لە عێراق نەكرد”.

كورد و ئەمریكا لە سەردەمی حكومڕانیی بایدن-دا
لەگەڵ ئەوەی بایدن وەك سەرۆكی هەڵبژێرداوی ئەمریكا لەلایەن میدیاكانی ئەمریكاوە ناوبرا، چەند وێنە و ڤیدیۆیەكی كۆنی بایدن لەلایەن میدیاكانی كوردستانەوە نمایش كران، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی بایدن دۆستی كوردە، سەركردەكانی هەرێمی كوردستانیش پیرۆزبایی بردنەوەیان لێكردوو بە “دۆستێكی دێرین” ناویان برد.

مەحمود عوسمان ئاماژەی بەوەكرد، “سیاسەتی ئەمریكا بە فەرمی لە ئێستا و ئایندەشدا بە ئاسانی بەرامبەر بە كورد گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، ئێمە لە ناو عێراقداین و مافمان لەناو عێراقدایە، كابینەكانی ئەمدواییانەی ئەمریكاش بە ڕوونی ئەوەیان بە كورد وتووە كە زەمانەتی ئێوە دەستووری عێراقە”.

بەڵام نەیشاردەوە كە ڕەنگە مامەڵەی بایدن ئاسانتر بێت هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، “بایدن سەركردەكانی كورد دەناسێت، ڕەنگە بتوانن قسە بكەن و تاڕادەیەك لێكتێگەیشتن هەبێت”.

“تەنها یەك هیوا هەیە”
سەبارەت بە ڕۆژئاوای كوردستان، مەحمود عوسمان ئەوەی خستەڕوو، ئەمریكا هیچ شتێكی سیاسی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان نەكردووە، باسیلەوەشكرد، ئێستا گفتوگۆی جنێف لەسەر ئایندەی سوریا هەیە و نوسینەوەی دەستووری سوریاش دەستی پێكردووە، بەڵام كورد بەشدار نییە، هۆكارەكەشی ڤیتۆی توركیا.

“تاكە شتێك كە هیوابەخش بێت ئەوەیە، لە بانگەشەكانیدا بایدن وتی، ‘سیاسەتی ئەردۆغان هەڵەیە و سەربەستیی سنووردار كردووە و دژی كوردە، ئەمە قبوڵ ناكەین’، ئەگەر ئەم قسەیە بهێنێتە دی و تۆزێك لغاوی ئەردۆغان بكات و سنووری بۆ دابنێت، ئەوە بۆ ئێمە و ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكەش گرنگە”، مەحمود عوسمان وای وت.

سیاسییە عێراقییەكان ڕایەكی دیكەیان هەیە
لەلایەكی دیكەوە كەریم خیكانی، چاودێری سیاسیی عێراقی بە بەشێك لە میدیاكانی عێراقی وتووە، “دەستەڵاتگرتنە دەستی جۆ بایدن، خەونی دروستكردنی هەرێمێكی سونی دەگەڕێنێتەوە، هەروەها پرسی جیابوونەوەی هەرێمی كوردستانیش دێتەوە ئارا، دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراقیش ململانێی سیاسیی قورس دێتە ئاراوە”.

ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەمریكا لەگەڵ یەكپارچەیی و ئارامی سیاسی و ئابوری و ئەمنیی عێراقدا نییە، لە بچوكترین تا گەورەترین كاروباری عێراق دەستوەردان دەكات”.

“پرۆژەی دابەشكردنی عێراق دێتەوە باس لە سەردەمی بایدن و هەندێم لایەنیش دەچنە واشنتن بۆ ئەو پرسە”، كەریم خیكانی ئاماژەی پێكردووە.

ئەو چاودێرەی سیاسییە ئەوشی خستوەتەڕوو، “كوردەكان ڕەنگە دەست بە جوڵەی نوێ بكەن بەرەو جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی دەوڵەت، ئەویش لە ئەگەری پاڵپشتیكردنیان لەلایەن ئەمریكاوە”.

لای خۆشیەوە سەعد مەتڵەبی، سیاسەتمەداری سەربەخۆی عێراقی ڕۆژی یەكشەممە 8ی تشرینی دووەم بە بەشێك لە میدیاكانی عێراقی وت، “بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەشێوەیەكی زۆر گەورە گرێدراوبوون بە پرۆژەی حزبی كۆمارییەكانەوە و نزیك بوون لە پرۆژەكانی ترەمپ”.

ئەو سیاسییە عێراقییە ئەوەشی خستبووەڕوو، “شكستهێنانی ترەمپ واتا شكستهێنانی ئەوان، ئێستاش ڕوبەڕووی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەبنەوە كە بەباشی لە گرنگی عێراق تێدەگات و پەیوەندی لەگەڵ چەند سەركردەیەكی عێراقیدا هەیە”.

لەبارەی سیاسەتی داهاتووی عێراق و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوەكرد، “سیاسەتی عێراق بەتەواوی دەگۆڕێت پاش بردنەوەی بایدن”.

هەریەكە لە مستەفا كازمی و بەرهەم ساڵح پیرۆزبایی دەرچونیان لە بایدن كرد و هیوایان خواست پەرە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت.

بابەتی پێشتر

دەزگای لوتكە کۆچبەرە کوردە دەستگیرکراوەکانی میسر دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

نەتەوە یەكگرتووەكان: عێراق یەكەمین وڵاتە لەڕووی پیسبوون بە مین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share