هێرشی گروپە چەكدارەكان فڕۆكەكانی ئێف 16ی عێراق دەكەنە خەڕەكەشكاو

كشانەوەی كۆمپانیای لۆكهید مارتن-ی ئەمریكی گرفت بۆ عێراق دروستدەكات

چەندبارەبوونەوەی ئەو هێرشانەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە بۆسەر بنكەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدران، بووە هۆی جێهێشتنی عێراق لەلایەن كۆمپانیای (لۆكهید مارتن)ی ئەمریكی تایبەتمەند بە چاككردنەوەی فڕۆكەكانی ئێف 16 لە عێراق، ئەمەش قۆناغێكی نوێی زیادبوونی دەسەڵاتی ئەو گروپانە و كاریگەرییان لەسەر دۆسیەی ئەمنیی وڵات نیشاندەدات.

دوای ئەوەی بنكە سەربازییەكە لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕوبەڕووی هێرشی چەندبارە بووەوە، كۆمپانیا ئەمریكییەكە، كە چەند كارمەندێكی لەو هێرشانەدا برینداربوون، كشایەوە، ئەمەش سەرەڕای دووپاتكردنەوەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق، لەبارەی نەبوونی هێزی سەربازیی شەڕكەری ئەمریكی لەو بنكەیە و جەختكردنەوە لەوەی ئەو كادرانەی لەو بنكەیە كاردەكەن، تەنها تایبەتن بە چاككردنەوەی فڕۆكە.

ڕاگرتنی دەرچوونە ئاسمانییەكان
جوزیف لاماركا جۆنیۆر، بەرپرسی پەیوەندییەكان لە كۆمپانیای (لۆكهید مارتن)ی ئەمریكی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، “بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی سەلامەتیی كارمەندان كاری لە پێشینەمانە، كۆمپانیاكە تیمی تایبەت بە فڕۆكەی ئێف-16ی لە عێراق كشاندووەتەوە”، بەبێ ئەوەی ژمارەی كارمەندەكان ئاشكرابكات.

بەڵام ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) لەسەر زاری بەرپرسێكی عێراقی ڕایگەیاند، كۆمپانیاكە 70 كارمەندی لە بنكەی بەلەد هەیە، 50یان دەگوازرێنەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان، نزیكەی 20یشیان دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر.

لای خۆیەوە ڕاهێنەری فڕۆكەوانان لە بنكە سەربازییەكە وتی، “دەرچوونە ئاسمانییەكان، كە لەلایەن فڕۆكەوانە عێراقییەكانەوە دژ بە داعش ئەنجامدەدرا، چەند ڕۆژێكە ڕاوەستاوە بەهۆی كشانەوەی كۆمپانیا ئەمریكییەكە و بارگرژییە ئەمنییەكان لە بنكەكە، هەروەها ناڕۆشنیی پلانی جێگرەوەی حكومەت بۆ ئەو كشانەوەیە، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی كادیرە ناوخۆییەكان، تائێستا توانای جێگرتنەوەیان نییە، سەرەڕای ئەوەی كشاندنەوەكە پێشبینكراو بووە”.

ئامێری شوێنكەوتن و وێنەگرتنی ناوەوە
كۆمپانیای لۆكهید مارتن ڕۆڵی سەرەكیی هەیە لە كارپێكردن و چاككردنەوەی فڕۆكە (ئێف 16)كان، چونكە خۆی دروستكەری فڕۆكەكەیە، هەروەك هەڵدەستێت بە ئامادەكردنی فڕۆكە بە وزە و كەلوپەل، تەنانەت دیاریكردنی ئامانج و چارەسەركردنی لەڕێی كۆمپانیاكەوە دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتێكی پێشووی ئاژانسەكان، پێشتر واشنتن بنكەی بەلەدی ئاسمانی، وەك بنكەی فڕۆكەكان دیاریكرد، بەهۆی ئەوەی تیمێكی سەربازیی ئەمریكی پێكهاتوو لە 271 سەرباز و ڕاوێژكاری تێدابوو، هەروەك ڕێگربوو لە بەكارهێنانی هەر بنكەیەكی دیكە بۆ نیشتنەوە تیایدا، “تەنها بە ڕەزامەندی ئەمریكییەكان و لە حاڵەتی پێویستدا نەبێت”.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، فڕۆكەكانی ئێف 16 ئامێری شوێنكەوتن و وێنەگرتنی ناوەوەیان تێدا دانراوە و ناتوانێت جووڵەی ئاسمانی بكات بەبێ چاودێریكردنی، كە لەلایەن ژووری تایبەتەوەیە لە بنكەی سەربازیی هێزەكانی ئەمریكا لە كوەیت.

لای خۆیەوە لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكانی عێراق لە لێدوانێكدا وتی، “فڕۆكەكانی ئێف 16 زۆر گرنگن و بڕبڕەی پشتی هێزی ئاسمانی و باڵی عێراقن لە شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر”.

ئەوەشی وت، “كۆمپانیاكانی تایبەت بە چاككردنەوەی ئەم فڕۆكانە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر پڕۆسەی ئامادەكردنی كادیر و ئەو تەكنیكانەی هۆكارن بۆ بەرزكردنەوەی توانای كادیرە هونەرییە عێراقییەكان”.

خەفاجی ئەوەشی خستەڕوو، “هەر وەستاندنێك لە خشتەی كاتیی پڕۆسەی ئامادەكردن، كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر پڕۆسەكانی ڕاهێنان و تواناداركردن و بونیادنانی توانای ئەندازیاری و هونەری”.

چی بەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دێت؟
عێراق لە ساڵی 2011دا فڕۆكەی ئێف 16ی كڕی، پاش كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە وڵات، یەكەم فڕۆكە لە ساڵی 2015دا گەیشتە عێراق و بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەشداریی لە جەنگی دژ بە داعشدا كرد.

شارەزایانی ئەمنی پێیانوایە، كشانەوەی كۆمپانیاكە كاریگەریی دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەی چەكدارانی داعش لەلایەن عێراقەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی بەرچاو و ڕاستەوخۆ پشت بە فڕۆكە دەبەسترێت لە بۆردومانكردنی حەشارگە و مۆڵگە دوورەدەستەكان، ئەمەش لە ڕابردوودا ئەنجامدرا و بووە هۆی كوشتنی ژمارەیەك لە سەركردەكانی ڕێكخراوی داعش.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لانیكەم پێنج هێرشی موشەكی بۆ سەر بنكەی بەلەد ئەنجامدراوە، كە كۆمپانیا ئەمریكییەكانی تیایە، بەهۆیەوە لانیكەم سێ كەسی بیانی و عێراقییەك برینداربوون.

بە دەگمەن لایەنێك بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانە لەئەستۆدەگرێت، بەڵام هەندێكجار گروپە چەكدارییە نەناسراوەكان بەرپرسیارێتەكە دەخەنە ئەستۆ، كە لە بنەڕەتدا سەر بە گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێرانن، وەك ئەوەی شارەزایان باسیدەكەن.

میساق قەیسی، شارەزا لە كاروباری ئەمنیی عێراق وتی، “ئەوەی ڕوویداوە لێدانە لە توانای هێزی ئاسمانیی عێراق، كە بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بەو فڕۆكانە دەبەستێت لە ڕوبەڕوبوونەوەی داعش، بەتایبەت لە قۆناغی ئێستدا، كە ئەستەمە بەتەواوی پشت بە هێزی پیادە و، ناردنی تیمی ڕۆتینی ببەسترێت، ئەمەش واتا پەنابردنەبەر بۆردومان بۆ لەناوبردنی مۆڵگە تایبەتەكانی ڕێكخراوەكە”.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر بنكەی ئاسمانی بەلەد زیادیكردووە، فەرماندەیی سەربازی دەڵێت، هێرشەكان لە ڕۆژهەڵاتی دیالەوە ئەنجامدەدرێن.

بەپێی سەرچاوە مەیدانییەكان، “كۆمپانیا ئەمریكییەكە چەند جارێك بڕیاری جێهێشتنی بنكەكەی دواخست، بەهیوای گەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ گروپە چەكدارەكان بۆ وەستاندنی هێرشەكانیان، یان گەیشتنە ئاگربەست، بەڵام ئەوە ڕووینەدا”.

ئەمە دووەم جارە لۆكهید مارتن لە بنكەی ئاسمانیی بەلەد دەكشێتەوە، كشانەوەی یەكەمی لە سەرەتای ساڵی 2020دا بوو، كە بەهۆی بۆردومانكردنیەوە بە 9 موشەك، بووە هۆی هەڵپەساردنی دەرچوونی فڕۆكەكانی ئێف 16 بۆ چەندین مانگ.

بابەتی پێشتر

بڕیارێکی ئیلۆن مەسک نزیکەی %10ی نرخی بیتکۆین دێنێتە خوارەوە

بابەتی دواتر

دەرهێنەرێکی ناسراوی ئێران لەلایەن دایک و باوکیەوە کوژرا و خرایە سەتڵی خۆڵەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share