پسپۆڕێکی زانستی خۆراک ئەو خۆراکانە دەخاتەڕوو کە بە باشترین ئەو خۆراکانە دادەنرێن کە کاریگەرییان لەسەر گەشە هەیە بەتایبەتیش لە منداڵانی تازەپێگەیشتوودا.
دکتۆر دیار محەمەد عەلی، پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بە حەوت جۆر خۆراک کردووە کە کاریگەریی بەرچاویان لەسەر گەشە هەیە و ئەمانەن:
یەکەم: گۆشتی سور
سەرچاوەیەكی باشی پڕۆتینە كە بۆ گەشەی ماسولكەكان زۆر بەسودە بەدەر لە كۆمەڵێك كانزا و ڤیتامین بەتایبەت كە منداڵ كاتی گەشەیەتی زۆر پێویستی بە خواردنی گۆشتە.
دووەم: گۆشتی سپی كە پەلەوەر و ماسی دەگرێتەوە
ئەمانیش پڕ پڕۆتین و كانزا و ڤیتامینن بەتایبەتی ئۆمێگا 3ی باشیان تێدایە بۆ گەشەی لەش زۆر پێویستن.
سێهەم: شیرەمەنییەكان (شیر و ماست و پەنیر و كەرە)
بەدەر لە بوونی رێژەیەكی باش لە پرۆتین و ڤیتامین، ئەم بەرهەمی شیرەمەنییانە پڕ كالیسیۆمن كە بە گرنگترین كانزا بۆ گەشەی ئێسك دادەنێرێت.
چوارەم: دانەوێڵەكان بە توێكڵەوە واتە نەبێژرێتەوە
بەتوێكڵەوە ریشاڵی باشیان تێدایە و سیستمی هەرس بەهێزدەكات
پێنجەم: میوەهات بەگشتی و مۆز و قەیسی بەتایبەتی
پڕن لە ڤیتامین و كانزا و بۆ گەشە زۆر بەسودن
شەشەم: پاقلەمەنییەكان بەگشتی (نیسك، نۆك، فاسۆلیا، پاقلە…هتد)
پڕن لە پرۆتینی رووەكی و ریشاڵی باشیان تێدایە كە رۆڵی گرنگ دەبینین بۆ گەشەی ماسولكەكان و سیستمی هەرس باشتر دەكەن.
حەوتەم: چەرەزات بەگشتی بەڵام سوێر و ترشكراو نەبن بەتایبەتی (گوێز و علی بابا و بادەم)
ئەمانەش بڕێكی زۆر باش لە كانزاو ڤیتامینیان تێدایە بەتایبەت ئۆمێگا 3 و كالیسیۆم و مەگنیزیۆم و ئاسن …هتد كە بۆ گەشە زۆر بەسودن.