شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشبینیدەكرێت لە سبەینێوە شەپۆلێكی بەفر و باران ناوچەكانی هەرێم بگرێتەوە.
وتیشی، “لە ئەنجامی كاریگەریی سەرەكیی نزمەپاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و تێكەڵبوونی بڕێك شێی دەریای سوور ناوچەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی شەپۆلێكی باران و بەفر تاوەكو رۆژی شەممە روو لەناوچەكە بكات و كاریگەریی شەپۆلەكە تاوەكو شەوی شەممە لەسەر یەكشەممە دەمێنێتەوە”.
راشیگەیاند، كاریگەریی شەپۆلەكە لە سبەی شەو لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر دەبێت و دواتر ئیدارەی راپەڕین و سلێمانی و ناوچەكانی دیكە دەگرێتەوە و ئەگەری بەفربارین هەیە و خێرایی با چالاك دەبێت.
شایەنی باسە ئەم شەپۆلە لە شەپۆلەكانی دیكەی ئەم مانگە باشترە و زۆرترین بڕی باران بۆ ناوچە جیاوازەكانی سنووری دهۆك و هەولێر و راپەرین دەبێت كەمترین رێژەش ئەگەر هەیە لە ناوچەكانی گەرمیان بگرێتەوە.