قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستام لەگەڵ باڵیۆزی نوێی چیک و کونسوڵی فەڕەنسا کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد، لەناویدا، باس لە رۆژئاوای کوردستان کرا و قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، پێویستە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا بتوانێت کێشەی بودجە و مووچە چارەسەربکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە دوو کۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ یان شنایدۆڤ، باڵیۆزی نوێی کۆماری چیک و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا جەختمان کردەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە بتوانێت داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان وەک کێشەی بودجە و مووچە و کێشە خزمەتگوزارییەکان چارەسەربکات و لەم قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەی ناوچەکەشدا پارێزگاری لە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەبارەت بە دۆخی سوریا داوامان کرد گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزییەوە هەوڵی دابینکردن و گەرەنتی کردنی مافەکانیان لە سوریای نوێ بدەن.