وەزیری بەرگریی توركیا گەیشتە هەولێر و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە پێشوازی لێكرا.
پاش ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانونی دووەم، خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا گەیشتە بەغداد، ئەمشەو گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن شۆڕش حاجی، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكرا.
بەگوێرەی ئەو كارنامەیەی ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی بڵاویكردووەتەوە، بڕیارە وەزیری بەرگریی توركیا، سبەی لە هەولێر لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆببێتەوە.
هەروەها ئەوەش ئاشكراكراوە، خلوسی ئاکار لە کۆبوونەوەکانیدا لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاووتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و زیادکرنی هەماهەنگییەکان و پاراستنی سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکەن.
كازمی: هەموو چالاكییەكی تیرۆریستی ڕەتدەكەینەوە كە توركیای دراوسێمان بكاتە ئامانج
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیادا، كازمی ڕایگەیاندووە، “هەر هەڕەشە و چالاكییەكی تیرۆریستی ڕەت دەكەینەوە كە توركیای دراوسێمان بكاتە ئامانج”.
نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا بڵاوكردەوە، كە ئەمڕۆ دووشەممە 18ی كانونی دووەم لە بەغداد بەڕێوەچوو.
لەبارەی كۆبوونەوەكەوە ئاماژە بەوەكراوە، “لەو دیدارەدا چەند دۆسییەیەكی گرنگ تاووتوێكران، هەروەها باس لە هەماهەنگی و هاوكاریی سەربازی كرا لەنێوان هەردوو وڵاتدا، لەگەڵ ڕێزگرتن لە سەروەریی عێراق”.
لەو كۆبوونەوەیەدا كازمی جەختی كردووەتەوە لەوەی، “عێراق هەموو هەڕەشە و چالاكییەكی تیرۆریستی ڕەت دەكاتەوە كە لەنێو خاكەكەیەوە توركیای دراوسێی بكاتە ئامانج”.
“كازمی سەپاندنی هێزە ئەمنییە عێراقییەكان لە تەواوی عێراقدا، بە چارەسەر دەزانێت بۆ كۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی لە وڵاتەكەیەوە دەكرێنە سەر توركیا”، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق “هەماهەنگی سەربازیی نێوان هەردوو وڵاتەكەی بە گرنگ زانیووە”.
لە بەرامبەردا وەزیری بەرگریی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی پیشانداوە بۆ هەر پاڵپشتی و ڕاوێژێكی سەربازی لە بوارەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر و ڕاهێنان بە سوپای عێراق، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاشكراكراوە.