تادێت چیرۆكی زیندانییە ئازادكراوەكانی بەندینخانەكانی سوریا زیاتر كاردانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دروستدەكەن، بەهۆی دۆخی دەستبەسەركردنیان و ئەو ئەشكەنجە و تۆقانەی لەنێو بەندینخانەكانی رژێمی پێشوودا بەسەریاندا هاتووە.
لە نێو ئەو چیرۆكە پڕ ئازارانەدا چیرۆكی وەلید بەرەكات-ی فەلەستینی هەیە، كە بۆ خوێندن و زانست رووی لە سوریا كرد، بەڵام 43 ساڵی بە بەندكردن تیایدا بەسەربرد بەبێ تۆمەتێكی روون، لەوێ سزای بەندكردنی هەتایی بەسەردادرا، وەك ئەوەی بۆ میدیاكانی روونكردەوە.
بەرەكات (67 ساڵ) دەڵێت، ساڵی 1982 كاتێك تەمەنی 25 ساڵ بووە لە فڕۆكەخانەی دیمەشق بەشێوەیەكی “نامرۆڤانە” دەستگیركراوە و تۆمەتی گەورە و ناڕوونی رووبەڕوو كراوەتەوە، چەندین بەندینخانەی خراپی سوریای بە درێژایی ئەو 43 ساڵە پێكراوە.
ئەو وتی، “دادگاییەكە رووكەشانە بوو، ئاگاداری وردەكارییەكەی نەبووم و بڕیاری سزاكەیان پێنەوتم تا 30 ساڵ دوای دەستگیركردنم”. ئەوەشی وت، “لە ساڵی 2001 گوازرامەوە بۆ بەندینخانەی سیدنایا لە نزیك دیمەشقی پایتەخت، ئەستەمە وەسفی ئەوەی لەناویدا روودەدات بكرێت، بەر لەوەی بۆ بەندینخانەی عدرا بگوازرێمەوە”.
بەرەكات روونیشیكردەوە، چەندین جار لە مردن نزیكبووەتەوە بەهۆی ئەو ئەشكەنجەیەی لە بەندیخانە رووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام هەمیشە هیوایەكی هەبووە كە رۆژێك لە رۆژان ئازاد دەبێت.
بەندكراوە پێشووەكە ئاماژەشدەدا، ئەوەی زیاتر ئازاریداوە و ناخۆشییەكانی زیاتر كردووە پاش ئەو ستەمەی بە درێژایی 43 ساڵ تووشی هاتووە، ئەوكاتە بووە كە زانیویەتی دایك و باوكی و براكانی كۆچی دواییان كردووە لەو ماوەیەدا كە ئەو لە بەندینخانەكانی سوریا بەسەریبردووە.