توركیا: وەك ڕوسیا و ئەمریكا مافی چوونە ناو سوریامان هەیە

كاروانێكی سەربازیی توركیا لە ئیدلب فۆتۆ: AP

وتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا دەڵێت، وڵاتەكەی مافی چوونە ناو سوریای هەیە هاوشێوەی ئەوەی ڕوسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان كردوویانە.

ئیبراهیم كاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا ڕایگەیاند، چاوەڕێ ناكەن ڕۆژئاوا هێز بۆ ناوچەكە بنێرێت لەپێناو پارێزگاریكردن لە هێزە بەرهەڵسكارەكان لە ئیدلب-ی سوریا.

ڕۆژنامەی دیرشپیگڵ-ی ئەڵمانی لە زاری كاڵن ڕۆژی هەینی ناردنی هێزێكی لەو جۆرەی بە نەگونجاو ناوبرد و وتی، “لە 2015 و 2016 و 2017 پێشنیاری دروستكردنی ناوچەی ئاراممان كرد، ئەگەر ناوچەی قەدەغەی فڕین لەو ماوەیەدا ڕابگەیەنرایە، ئەو ژمارەیە لە خەڵك ناچارنەدەبوون سوریا جێبهێڵن، ئەو هەلە لەدەستچوو”.

دەربارەی ڕەخنەی وڵاتانی ئەوروپاش لەبارەی بڵاوەپێكردنی هێزی توركیا لە سوریا، وتی، “پێویستە ئەوان ڕەزامەندبن، ئێمە پێویستە ئەو خەڵكە بهێڵینەوە كە لەژێر دەسەڵاتماندان، 2.5 ملیۆن كەس ناوچەكە جێناهێڵێن بەهۆی بوونی سەربازانی توركیا لە ئیدلب”.

ڕونیشیكردەوە، توركیا چاوی نەبڕیوەتە هیچ پارچە زەوییەكی سوریا، بەڵكو ناچاربووە ئەو هەنگاوە بگرێتەبەر لەبەر ئاسایشی خۆی و ئاسایشی سورییەكان لە ناوچەكەدا.

كاڵن ئاماژەی بەوەشكرد كە توركیا سزادراوە لەجیاتی سوپاسكردن، لەبەرئەوەی زیانی بەركەوتووە بەهۆی بوونی (پارتی كرێكارانی كوردستان) لە ناوچەكەدا و دوپاتیشیكردەوە، “مافی شەرعیمان هەیە لە بەرگریكردن لەخۆمان، ئەگەر دانبنرێت بە مافی ڕوسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكان لە دەستێوەردان لە سوریادا، ئێمەش هەمان مافمان هەیە”.

لە ساڵی 2016ەوە توركیا چوار پرۆسەی سەربازیی لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا بۆسەر پارێزگاكانی حەلەب، ڕەقە، حەسەكە و ئیدلب ئەنجامداوە و هێزەكانیشی لە چەند ناوچەیەك بڵاوەپێكردووە.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی حکومەت: یەک ملیۆن و نیو ژەمە ڤاکسین دابینکراوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی کۆچ: 24 وێستگەی دەنگدان لە کامپەکانی دهۆک دانراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share