وەزارەتی ناوخۆی سعودیە مۆرێكی تایبەتی لەژێر ناوی “سڵاو لە جیهان- أهلاً بالعالم” دەركرد، بەبۆنەی بردنەوەی میوانداریكردنی پاڵەوانێتی جامی جیهانیی ساڵی 2034 لەلایەن وڵاتەكەیەوە.
بەپێی وەزارەتەكە، مۆرەكە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاسپۆرت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی وەرزش دەركراوە، لەڕێی دەروازەكانی سعودیەوە بۆ گەشتیاران دەستەبەردەكرێت.
یەكێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) بە رەسمی بردنەوەی سعودیەی راگەیاند لە رێكخستنی یارییەكانی مۆندیالی 2034 بە بەشداری 48 هەڵبژاردەی وڵاتان.
پێشتر شانشینی سعودیە دۆسیەیەكی پێشكەشی فیفا كرد كە تیایدا ئامادەی خۆی بۆ رێكخستنی ئەو رووداوە جیهانییە خستەڕوو، دۆسیەكەشی پلەی هەڵسەنگاندنی 419.8ی لە كۆی 500 خاڵ بەدەستهێنا، ئەوەش بەرزترین هەڵسەنگاندنە لە مێژووی پێشكەشكردن دۆسیەكانی رێكخستنی جامی جیهانی.
دوای بردنەوەكەش محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە دامەزراندنی “دەستەی باڵای میوانداریی جامی جیهانیی 2034″ی راگەیاند.