بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان کردووە و پشتیوانیی بۆ رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەنەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، “ئێمە بە تەواوی رێز لە ئیرادەی خەڵکی سووریا دەگرین و ئەو بڕیارانەش کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییەی لەو وڵاتەدا هەیە. هیوادارین ئەم دەرفەتە بەهەند وەربگیرێت تاوەکو بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەشەوە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی و دادپەروەر بێتەکایەوە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکەکەی مسۆگەر بکرێت”.

هەر لە پەیامەکەدا هاتووە، لەم دۆخە هەستیارەدا پشتیوانیی تەواومان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان دووپاتدەکەینەوە، هیوادارم هەموومان بە یەک دەنگ و بە گوتارێکی نیشتمانییەوە پشتیوانییان لێبکەین و رووبەڕووی ئەو مەترسییانە بوەستینەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ژیان و سەقامگیرییان.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکرایکردووە، “جەخت لە رەچاوکردن و پاراستنی مافی گەلی کورد دەکەینەوە، هیواخوازین هەموولایەک بڕیاری دروست و ژیرانە بدەن و پارێزگاری لە ئاشتی و پێکەوەژیانی ناوچەکە بکەن. چونکە وەک پێشتریش وتوومانە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ ئاشتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدینایەت”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی دارایی هەرێم: کێشەی گواستنەوەی پارە چارەسەرکرا و پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە زیادکرا

بابەتی دواتر

هێرۆ عەتار: پێم وابوو بایکۆتکردنی پەرلەمان خزمەت بە خەڵکی کوردستان ناکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share